بەهۆى باران بارینەوە پشوو لە کەرکووک و چەند پارێزگایەکى عێراق راگەیێندرا

20-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆى ئەو شەپۆلە بارانبارینەى کە عێراق و هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە، پشوو لە چەند پارێزگایەک راگەیێندرا بۆ رێگرى لە زیانەکانى لافاو. 
 
ئەو پارێزگایانەى کە پشوویان راگەیاندووە بریتین لە کەرکووک، نەینەوا، دیوانیە، زیقار، نەجەف، کەربەلا، دیالە، بابل و میسان. هاوکات هەردوو پەروەردەى کەرخى دووەم و رەسافە لە بەغدا پشووى خوێندنیان راگەیاند، جگە لەو قوتابییانەى کە تاقیکردنەوەى خولى سێیەمى شەشى ئامادەیی دەکەن، دەبێت دەوام بکەن. 
 
پشووى ئەو پارێزگایانە بۆ رێگرییە لە زیانەکانى دروستبوونى لافاو لە دواى هۆشداریى دەستەى کەشناسى و بوومەلەرزەزانى عێراق لەبارەى ئەگەرى دروستبوونى لافاو بەهۆى باران بارینەوە. 
 
پێشتر لە 19ى تشرینى دووەمى 2023، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دوو نزمە شەپۆل لە دەریاى سوور و دەریاى سپى نێوەڕاست روویان لە عێراق کردووە، بەهۆیەوە شەپۆلی بارینى تووند پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و کەرکووک و پارێزگاکانى دیکەى رۆژهەڵاتى عێراق دەگرێتەوە کە هەورە برووسکەشی لەگەڵ دەبێت."
 
عامر جابرى گوتیشى: "بۆ شەوى دووشەممە ئەگەرى بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکانى هەرێمى کوردستان هەیە و بەهۆى زۆرى بارانەوە ئەگەرى دروستبوونى لافاو هەیە لەو پارێزگایانەى کە هاوسنوورى ئێرانن، لەوانە؛ سلێمانى، دیالە، واست و میسان."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە