عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێوارەی رۆژی دووشەممە لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا کۆدەبێتەوە، پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و راوێژکارانی ئەمنی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دووپاتدەکاتەوە. هەروەها هەردوولا کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی بانکی ناوەندی و گەنجینەی ئەمریکی تاوتوێ دەکەن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە 20-11-2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێوارەی رۆژی دووشەممە لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دۆسیەکانی هاوکاری هاوبەشیان لە بوارە جیاجیاکان تاوتوێکردووە. هەروەک هاوکاری نێوان بانکی ناوەندی عێراقی و گەنجینەی ئەمریکی باس کرا کە هەفتەی داهاتوو هەردوولا کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی چەند تەوەرێک دەکەن.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سوودانی و ئەلینا رۆمانۆوسکی "باسیان لە دۆخی غەززە و تاوانی کۆمەڵکوژیی هاووڵاتیان کە لەلایەن دەسەڵاتی ئیسرائیلەوە دەکرێت لەگەڵ قەبارەی ئەو پێشلکارییە مەترسیدارانەی مافی فەلەستنییەکان و خراپ و کەڵەکەبوونی دۆخی مرۆیی کردووە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەڵوێستی چەسپاوی عێراقی دووپاتکردەوە لە بەرامبەر دۆزی فەلەستین و گوتی، "پێویستە پەلامارەکانی هێزی داگیرکەر بووەستێت، رێڕەوی ئارام بکرێتەوە بۆ گەیاندنی هاوکاری خۆراک و پزیشکی بۆ هاووڵاتیان لەگەڵ گەرەنتی مافی فەڵەستییەکان لە ژیانێکی خۆش و ئارام بن".
هەر کۆبوونەوەکەدا سوودانی دووپاتیکردەوە: "عێراق پابەندە بە پارێزگاریکردن لە نێردە دیپلۆماسییەکان و راوێژکارانی ئەمنی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش". هەروەها جەختی کردەوە، "کە هێزە ئەمنییەکان ئەرکی یاسایی خۆیان بەجێ دەگەیێنن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی خاکی عێراق".
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە 61 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا و بەهۆی ئەو هێرشانەوە 58 سەربازیان بە سووکی بریندار بوون، بەڵام ئێستا سەرجەمیان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکی خۆیان.
پێنتاگۆن دەڵێت، 33 لەو هێرشانە لە سووریا بوون و 28ەکەی دیکە لە عێراق بوون، بۆ سەرجەم هێرشەکانیش ئەمریکا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی تۆمەتبار کردووە کە ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە.
لە بەرامبەر ئەو هێرشانەش، سوپای ئەمریکا سێ جار بنکە و پێگەی ئەو گرووپە چەکدارانەی لەنێو سووریا کردووەتە ئامانج و بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی پێنتاگۆن، لە ئەنجامی ئەو هێرشانە، زیانی گەورە بەو گرووپە چەکدارانە کەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ