عێراق
سکرینشۆت لە ڤیدیۆیەکی بەرگریی شارستانیی نەینەوا کە هاوکاری هاووڵاتییان دەکەن. وێنە: بەرگریی شارستانیی نەینەوا
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی نەینەوا رەتیدەکاتەوە بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە هیچ کەسێک لەو پارێزگایە گیانی لەدەستدابێت و دەڵێت، تەنیا ئاو چووەتە نێو هەندێک لە ماڵەکانەوە.
رۆژی دووشەممە 20-11-2023، سەعد خەتابی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی بارانی بەلێزمەوە لە شاری موسڵ، ئاو چووە نێو هەندێک ماڵ و تیمەکانی بەرگریی شارستانیش لە چەند ناوچەیەک یارمەتی هەندێک کەسیان دا.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای نەینەوا گوتی، لە نزیک شوقەکانی حەدبا لە شاری موسڵ یارمەتی 12 خێزانیان داوە کە ئاو چووبووە نێو ماڵەکانیان؛ لە هەریەک لە ناوچەکانی موحاریین و زنجیلیش یارمەتی خێزانێک دراوە کە هەمان دۆخیان هەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە لە نەینەوا چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە. لەو بارەوە سەعد خەتابی گوتی، تائێستا لە سنووری پارێزگاکەی هیچ کەسێک بەهۆی لافاوەوە گیانی لەدەستنەداوە و ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ هەر پێشهاتێک.
بەهۆى ئەو شەپۆلە بارانبارینەى کە ئەمڕۆ دووشەممە باشووری کوردستان و عێراقى گرتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند پارێزگایەکی عێراق پشوویان راگەیاند.
ئەو پارێزگایانەى کە پشوویان راگەیاند بریتین لە نەینەوا، دیوانیە، کەرکووک، زیقار، نەجەف، کەربەلا، دیالە، بابل، میسان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ