رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق نووسراوێک ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن دەکات لەبارەی شوێنگرەوەی محەممەد حەلبووسی، کە بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی مافی ئەندامیێتی پەرلەمانی لێ سەندرایەوە. بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش دەڵێت سبەی وەڵامی نووسراوەکەی پەرلەمان دەدەینەوە، ناوی ئەو کەسە ئاشکرا دەکەن لە شوێنی حەلبووسی دەبێتە پەرلەمانتار.
رۆژی دووشەممە، 20-11-2023، د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ نووسراوی فەرمی پەرلەمانی عێراق لەبارەی شوێنگرەوەی محەممەد حەلبووسی گەیشتووەتە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، کە هاوکات سەرۆکى پارتى تەقەدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە.
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، بەپێی یاسای هەڵبژاردن جێگرەوەی محەممەد حەلبووسی ئەو کەسە دەبێت لەنێو سەرنەکەوتووەکانی بازنەی محەممەد حەلبووسی زۆرترین دەنگی هێناوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو ئەو کەسەی شوێنی محەممەد حەلبووسی دەگرێتەوە، عیسا عیساوی دەبێت لە هاوپەیمانیی عەزم کە ئێستا سەر بە هاوپەیمانی سەروەرییە و زۆرترین دەنگی سەرنەکەوتووەکانی هێناوە.
عیماد جەمیل، جەخت لەوەدەکاتەوە، سبەی سێشەممە کۆمیسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی جێگرەوەی حەلبووسی رادەگەیێنێت و وەڵامی نووسراوەکەی پەرلەمان دەداتەوە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 بەڕێوەچوو، بازنەی 1ی پارێزگای ئەنبار 4 کورسی بوو کە سەرجەمیان بۆ هاوپەیمانی تەقەدووم بوو بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی.
لە بازنەکەدا حەلبووسی زۆرترین دەنگی هێنا کە 35 هەزار و 774 دەنگ بوو. دووەم، مستەفا ئەحمەد جومەیلی 10 هەزار و 538 دەنگ. سێیەم، یەحیا غازی شەجلاوی هەشت هەزار و هەشت دەنگ. چوارەم، سەمیعە محەممەد خەلیفە محەممەدی شەش هەزار و 573 دەنگ.
ئەو سەرنەکەوتووانەی کە زۆرترین دەنگی ئەو بازنەیان هێناوە بریتیین لە یەکەم، عیسا عیساوی لە هاوپەیمانیی عەزم چوار هەزار 728 دەنگ. دووەم، ئەریج حوسێن جومەیلی لە هاوپەیمانیی عەزم چوار هەزار و 108 دەنگ. سێیەم، سەلمان عەلی حەسەن جومەیلی لە هاوپەیمانیی عەزم چوار هەزار و 22 دەنگ.
عیسا سایر مزعن عەبدوڵڵا عیساوی، لە 1967 لە ئەنبار لە دایکبووە، بەربژێری پارتی وەفا بوو لەنێو هاوپەیمانیی عەزم. ئێستا ناوبراو یەکێکە لە سەرکردەکانی هاوپەیمانیی سەروەری بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ