رووداو دیجیتاڵ
دوای وەزارەتی دارایی نووسراوی تانەدانی لە هەموارکردنەوەی یاسای 22ی 2025ی وەزارەتی پەروەردەی کشاندەوە. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێت، یاساکە کارمەندانی پەروەردەیی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش داوا دەکات ئەو مافە بە کارمەندانی هەرێمی کوردستانیش بدرێت.
بەگوێرەی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2025ی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لە 150 هەزارەوە دەکرێتە 300 هەزار دینار. کە وەک وەزارەتەکە دەڵێت، ئامانج لێی پشتیوانیکردنی خوێندنە لە ناوچە گوندنشین و دوورەدەستەکان لە رێگەی زیادکردنی بڕی دەرماڵە، بۆ هاندانی ستافی پەروەردەیی تاوەکو لە دەرەوەی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خۆیان کاربکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە ئەو کارمەندانە ناگرێتەوە کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانن. بەڵام سەرجەم ئەو کارمەندانەی کە سەر بە ناوچە جێناکۆکەکانن یاساکە دەیانگرێتەوە."
بەڵام ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە رووداوی گوت، "پێویستە ئەو دەرماڵەیە کارمەندانی پەروەردەیی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانمانە کە پێیان بدرێت، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی تەواو بدات بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافە."
ئەحمەد گەرمیانی ئاماژەی بەوە کرد، "دەبوو لە کاتی پەسندکردنی یاساکە، پەرلەمانتارانی کورد بە نووسراو ناوی کارمەندانی پەروەردەیی هەرێمی کوردستانیشیان لە یاساکە جێگیر بکردایە." جەختیشی کردەوە لەوەی، "سەردانی لایەنەکان و سەندیکای مامۆستایانی عێراقیان کردووە و پشتیوانییان کردوون کە لە حاڵەتی جێبەجێکردنی یاساکەدا پاڵپشتی لەوە دەکەن کە یاساکە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە".
ئەو یاسایە لە 25ی ئابی ئەم ساڵ لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درا و پەسندکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ