رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر رایگەیاند: چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆچوونی خۆی دەربڕیوە بەوەی کە پاساو نییە بۆ داواکردنی پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن سوننەوە و بەر لە راسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەت لێکتێگەیشتن لەگەڵ کورد دەکرێت لەبارەی دۆسیەی هەرێمی کوردستان.
پێنجشەممە، 20ی تشرینی دووەمی 2025، سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر بە رووداوی راگەیاند: "هێڵی سوور بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەسەر هیچ کەسێک نییە بە محەممەد شیاع سوودانیشەوە، بەڵام دەبێت بەپێی پێوەرە نوێکان بێت کە هاوپەیمانى چوارچێوەی هاوئاهەنگى دایدەنێن."
یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو ئەوەیە کە بەشداری ئەو هەڵبژاردنانە نەکات کە لە خولی داهاتوو لە عێراق ئەنجام دەدرێت، کە هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و خولی حەوتەمی پەرلەمانە.
سەلام زوبەیدی رایگەیاند: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆچوونی خۆی دەربڕیوە لەبارەی داواکاری سوننە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران بەوەی ئەو داواکارییە بێ پاساوە، چونکە "ئەوە نەریتی سیاسی بووە لە خولەکانی رابردوودا."
لە خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراقەوە لە ساڵی 2005، وەک نەریتێکی سیاسی، پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد و سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ سوننە بووە.
گوتەبێژى هاوپەیمانى نەسر رایگەیاند: لە نێو چوارچێوەى هاوئاهەنگى تاوتوێى ئەوە کراوە کە سەرۆکوەزیرانى داهاتوو ئەرکێکى زۆرى نێوخۆی و دەرەکى هەیە لە نێویاندا دۆسەى هەرێمى کوردستان، کە دەبێت ئەو سەرۆکوەزیرانە زانیارى هەبێت لەبارەى قەبارەى دۆسیەکان و تێڕوانینى چۆن دەبێت لەبارەیەوە.
سەلام زوبەیدی گوتیشی: "بەر لە دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران و راسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەت لێکتێگەیشتن لەگەڵ کورد دەبێت لەبارەی نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ