رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، نزیکەی دوو هەزار سندووقی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ژماردن و جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستیان بۆ دەکرێت. دەشڵێت، "تائێستا 118 سکاڵا تۆمارکراون، بەڵام هیچ لە سکاڵاکان سوور نین."
نیبراس ئەبو سۆدە، ئەندامی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەکانی عێراق، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20-12-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سبەی (پێنجشەممە) لە ناوەندەکانی وردبینی لە تەواوی پارێزگاکاندا، پرۆسەی ژماردن و جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستی بۆ نزیکەی دوو هەزار سندووقی دەنگدان دەستپێدەکات."
سەبارەت بە سکاڵاکان، ئەندامەکەی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەکانی عێراق گوتی، تائێستا 118 سکاڵا تۆمارکراون، کە سەوز و زەردن، سکاڵای سووریان تێدا نییە.
ئەبو سۆدە دەڵێ "بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە پارێزگاکانەوە گەیشتوون، سکاڵای سوور نییە، چاوەڕێی ژووری پسپۆر دەکەین، بزانین بڵێن سکاڵاکە سوورە یاخو نا، چونکە ئێستا کار لەسەر لێکۆڵینەوە و پۆلێنکردنی سکاڵاکان دەکرێت، بۆ ئەم بابەتە لیژنەیەکی تایبەت هەیە و، دوای ئەوەی لیژنەکە کارەکانی تەواو دەکات، ئەو کاتە دەزانین سکاڵاکان چین و ئایا سکاڵای سوور هەیە، بەڵام تائێستا لیژنەکە بەردەوامە و کاری خۆی دەکات، هیچ سکاڵایەکیش وەک سکاڵای سوور پۆلێن نەکراوە."
رۆژی 16 و 18ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی تایبەت و گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە 16 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەبوو، زیاتر لە 6 ملیۆن کەس لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەنگیان دا. رۆژی 19-12-2023 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ئەنجامی بەرایی 94٪ـی دەنگەکانی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ