چوارچێوەى هاوئاهەنگى "چۆنییەتی مامەڵەکردن" لەگەڵ هێرشەکانى سەر هەولێر تاوتوێ دەکات

21-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەى هێرشەکانى سەر هەولێر کۆدەبێتەوە. بەرپرسی یەکێک لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانێتییەکە دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هێرشە و قسەکردن لەگەڵ ئێران و هەنگاوەکانى عێراق لەسەر ئاستى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەبارەى ئەو پرسە دەکات."
 
رۆژی یەکشەممە، 21ى کانوونى دووەمى 2024، عەلی دەفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هاوپەیمانى چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات.
 
شەوى 15ى کانوونى دووەم، لەلایەن سوپاى پاسدارانى ئێرانەوە هێرش کرایە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکە بریندار بوون.
 
ئەحمەد عیساوى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشەکە و پاراستنى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و قسەکردن لەگەڵ لایەنى ئێرانى لەو بارەیەوە دەکرێت."
 
ئەحمەد عیساوى گوتيشى: "لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە هەنگاوەکانى عێراق دەکرێت لەسەر ئاستى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەبارەى هێرشەکەى سەر هەولێر".
 
16ى کانوونى دووەمى 2024، وەزارەتى دەرەوەى عێراق سکاڵایەکى ئاڕاستەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووکان کرد لەبارەى ھێرشە موشەکییەکەى سوپاى پاسدارانى ئێران بۆ سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، ئەو سکاڵایە لە دوو نامەی هاونێوەڕۆک بووە کە ئاڕاستەى سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى کردووە.
 
هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە سەرجەم هێزە شیعییەکان پێکدێت جگە لە رەوتى سەدر، زۆرینەى حکومەتى ئێستاى عێراق بەدەست ئەو هاوپەیمانێتییەوەیە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە