عێراق: بڕیارماندا تیرۆریستانی داعشی عێراقی و بیانی لە سووریا وەربگرینەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق رایگەیاند، بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوە و هەڵاتنی "سەرکردە مەترسیدارەکانی داعش" لە سووریا، دەستیان بە گواستنەوەی زیندانییان کردووە بۆ عێراق و یەکەم کاروانیش 150 چەکداری عێراقی و بیانییە.
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، "دوای بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەمنیی سووریا و دەرهاویشتەی گۆڕانکارییە مەیدانییەکان، بەتایبەتی پرسی کۆنترۆڵکردنی زیندانییانی داعش، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی لە کۆبوونەوەی نائاسایی خۆیدا بڕیاری داوە تیرۆریستانی داعشی عێراقی و بیانییەکان وەربگرێتەوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەم پرۆسەیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ دژی داعش بەڕێوەدەچێت. ئەو زیندانییانە پێشتر لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون و ئێستا دەگوازرێنەوە بۆ دامەزراوە چاکسازییەکانی حکومەتی عێراق.
 
سەباح نوعمان دەڵێت، "بەفەرمی یەکەم کاروان وەرگیراوەتەوە کە پێکدێت لە 150 تیرۆریستی عێراقی و بیانی، ئەمانە دەستیان لە رشتنی خوێنی عێراقییە بێتاوانەکاندا هەبووە."
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەو کەسانەی دەگوازرێنەوە بە سەرکردەی ئاستی یەکەمی نێو گرووپە تیرۆریستییەکان دادەنرێن."
 
گوتیشی، "لە داهاتوودا بەپێی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و مەیدانی، ژمارەی کاروانەکانی دیکە دیاری دەکرێن بۆ ئەوەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئەو تیرۆریستانە کۆنترۆڵ بکرێت."
 
ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی نوێ و بەرفراوانیان بۆ گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق دەستپێکردووە، ئەوەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە مانەوەیان لە ناوەندە ئەمنییە پارێزراوەکاندا.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی رۆژی چوارشەممەی سێنتکۆم، ئۆپەراسیۆنەکە بە گواستنەوەی سەرکەوتووانەی 150 چەکداری داعش لە زیندانێکی شاری حەسەکەی سووریاوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە ناو عێراق دەستیپێکردووە. سێنتکۆم رایگەیاند، ئامانجی کۆتایی ئەوەیە، تاوەکو 7,000 زیندانیی داعش لە سووریاوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق بگوازرێنەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە