رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق تانەی بەربژێرانی سەرۆککۆماری عێراقی یەکلاکردەوە و 4 بەربژێر گەڕانەوە بۆ کێبڕکێکە.
بەگوێرەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، دادگەکە لە دانیشتنەکانی رۆژانی 19 و 20ـی کانوونی دووەمی 2026، بڕیاری کۆتایی لەبارەی 28 تانەی ئەو بەربژێرەوە داوە کە ناویان لە لیستی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا نەبوو.
دادگەی باڵای فیدراڵی لە بڕیارەکەیدا دوورخستنەوەی 24 بەربژێری پەسندکرد و بڕیاری دا بە نادروستیی دوورخستنەوەی 4 بەربژێر و فەرمانی کرد ناویان بۆ لیستی کێبڕکێکە زیاد بکرێ، چونکە مەرجەکانی بەربژێربوونیان تێدایە.
ئەو 4 بەربژێرەی تانەکانیان قبووڵ کراوە و گەڕانەوە بۆ کێبڕکێکە بریتین لە:
1- خالید سدیق عەزیز محەممەد
2- ئازاد مەجید حەسەن
3- رافع عەبدوڵڵا حەمید مووسا
4- سالم حەواس عەلی
دادگەکە پەرلەمانی عێراقی پابەند کردووە بەوەی ناوی ئەو چوار کەسە بخاتە ناو لیستی کۆتایی ئەو بەربژێرانەی کە مەرجە یاساییەکانیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار تێدایە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگاکە، بڕیارەکان بە کۆی دەنگ دەرکراون و "کۆتایی و پابەندکەرن" و دانیشتنەکانیش بە شێوەی داخراو بەڕێوەچوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ