عێراق؛ بە درۆن ماددەی هۆشبەر دەگوازرێتەوە و لەنێو زانکۆکاندا بڵاوبووەتەوە

23-04-2022
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
بەکارهێنەرێکی ماددەی هۆشبەر
بەکارهێنەرێکی ماددەی هۆشبەر
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

بازرگانی و بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لە عێراق گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار و ھەڵمەتێکی فراوانی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ دەستگیرکردنیان لە سەرجەم پارێزگاکان دەستیپێکردووە.
 
لە ساڵی 2021دا 13 ھەزار بازرگان و بەکارھێنەری ماددە ھۆشبەرەکان دەستگیرکراون. لە ماوەی چوار مانگی ئەمساڵیشدا چوار هەزار و 280 بازرگان و بەکارھێنەری ماددە ھۆشبەرەکان لەو ھەڵمەتەی ھێزە ئەمنییەکان دەستگیر کراون و رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
 
خالید موحەنا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "ئەو ھەڵمەتەی دەستیپێکردووە لایەنی دیکەشی تێدا بەشدارن لە دەرەوەی وەزارەتی ناوخۆ، ھەڵمەتەکە پەیوەندیدارە بە بابەتی ھۆشیارکردنەوە و رووبەڕووبوونەوەی بازرگان و بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکان، پۆلیسی کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ھۆزەکان لەگەڵمانن بۆ کۆتاییهێنان بە تەشەنەکردنی ماددە ھۆشبەرەکان، ھەروەھا بۆ پاراستنی رۆڵەکانمانە لە دوورخستنەوەی تەڵەی ئەو کەسانەی ماددەی ھۆشبەر بڵاودەکەنەوە."
 
درۆن ئێستا ئەو رێگە نوێیەیە بازرگانانی ماددە ھۆشبەرەکان بۆ ھێنان و گواستنەوەی ماددەکان بەکاریدەھێنن، دوایین جار رۆژی چوارشەممەی رابردوو بوو کە لە بەسرە دەست بەسەر درۆنێکدا گیرا کە ماددەی ھۆشبەری لە ئێرانەوە ھەڵگرتبوو، ئێران بووەتە دەروازەی سەرەکیی ھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان بۆ عێراق. ئەو ماددەیەی زۆرترین بەکارھێنەری ھەیە لە عێراق لە جۆری کریستاڵە.
 
دکتۆر حەیدەر مالیکی، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی دەروونی و ئالودەبووانی ماددە ھۆشبەرەکان دەڵێت، "بەداخەوە زانیاری ھەیە ماددە ھۆشبەرەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار تەشەنەی کردووە لەنێو خوێندکارانی کۆلێژ و زانکۆکان، ئەمە کاریگەرییەکی زۆر خراپی دەبێت لەسەر نەوەیەک کە گرنگن بۆ کۆمەڵگە و بونیادنانی عێراق، سەبارەت بە چارەسەرکردنیش ئێمە کۆمەڵێک کێشە لەبەردەمماندایە، بەتایبەتی ئەوانەی ماددە ھۆشبەرەکان بەکاردەهێنن دوودڵن و ترسیان ھەیە سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بۆیە داوامان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە یاسایەکی نوێ دەربکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی ئالودەی ماددە ھۆشبەرەکانن، کە وەکو نەخۆش مامەڵیان لەگەڵ بکرێت، نەک تاوانبار."
 
بەپێی یاسا، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و بەکارهێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکان سزا دەدرێن بە زیندانیکردن لە ساڵێک کەمتر نەبێت و  لە سێ ساڵیش زیاتر نەبێت، پێبژاردنیش لە پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، بۆ بازرگانانیش سزاکە بەم شێوەیە: زیندانیکردنی کاتی یان تاھەتایی و پێبژاردن کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 30 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی ھێزە ئەمنییەکان، بەسرە زۆرترین بازرگانی ماددەی ھۆشبەری تێدایە، نەجەف و کەربەلاش زۆرترین بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکانیان تێدان، ھۆکاری تەشەنەکردنیشی بەم شێوە فراوانەی ئێستا، ئاسان دەستکەوتن و گواستنەوەیەتی لەڕێگەی پێدانی پارە و بەرتیل، بەتایبەتی بە بەشداریی بەشێک لە ئەفسەر و پلەدارانی نێو ھێزە ئەمنییەکان، ئەوەش لە وەزارەتی ناوخۆ سەلمێندراوە و ژمارەیەکیشیان دەستگیرکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی ساتی هەڵدانی درۆنێک لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق

موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق: لە 24 کاژێردا 19 هێرشمان کردووە

گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن رایگەیاند، لە ماوەی شەو و رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوانیان لە رێگەی دەیان درۆنەوە کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.