لەسەر شەڕێک لە بەغدا کارمەندێکى هاتووچۆ دەرکرا

21-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کارمەندێکى هاتووچۆ بە بەندکردن و دەرکردن لە خزمەت سزادرا و پۆلیسێکیش سزاى پێبژاردن درا، بەهۆى ئەوەى لەسەر شەقامێکى گشتیى بەغدا و لەکاتى ئەرکدا شەڕیان کردووە.
 
سزاى سەر ئەو دوو کارمەندەى وەزارەتى ناوخۆ لەلایەن دادگەیەکى هێزەکانى ناوخۆى سەر بەو وەزارەتە دەرکراوە. کارمەندەکەى هاتووچۆ بە ساڵێک و شەش مانگ بەندکردن سزادراوە، لەگەڵ دەرکردنى لە خزمەت.
 
موقەدەم محەممەد حەسوون، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى هاتووچۆى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سزاى سەر کارمەندەکەى هاتووچۆ قورستر بووە، چونکە بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکان لەو کێشەیەدا تاوانى زیاتر بووە".
 
دیمەنى شەڕى نێوان ئەو دوو کارمەندەى وەزارەتى ناوخۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى عێراق بڵاوکرایەوە، تێیدا دەست دەدەنە ئێخەى یەک و بە مشتەکۆڵە لە یەک دەدەن، شەڕەکە 20ى نیسان لە ناوچەى مەنسوورى بەغدا روویداوە.
 
کارمەندەکەى دیکە سەر بە پۆلیسی فیدراڵییە، بە پێبژاردن سزادراوە. پۆلیسێکى دیکە لە دیمەنەکەدا دەردەکەوێت و  نێوبژیوانى دەکات، بڕیارى ئازادکردنى درا.
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق راگەیاند کە "رێگە نادەن بەهیچ هەڵسوکەوتێکى نەرێنى، زیان بە هەوڵەکانیان بگەیێنێت بۆ خزمەتکردنى هاووڵاتییان." موقەدەم محەممەد حەسوون گوتى:"رۆژانە وەزارەت چاودێریى ئەو جۆرە رووداوانە و ئەداى کارمەندانى دەکات".
 
ئەو وەزارەتە دەڵێت: "دەبێت هەموو کارمەندان لە ئاستى بەرپرسیارێتیدابن لە کاتى بەجێهێنانى ئەرکەکانیان".
 
 

 

 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە