رووداو دیجیتاڵ
دادگەى فيدراڵیى عێراق 20 رۆژ دانیشتنێکى لەبارەى سکاڵایەکەوە دواخست کە وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى وڵاتەکە لە دژى چەند دامەزراوەیەکى هەرێمى کوردستان تۆماریکردووە لەبارەى گەڕانەوەى ئاوارەکانەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ى نیسان، دادگەى فيدراڵیى عێراق دانیشتنێکى لەبارەى ئەو سکاڵایەوە کرد و بڕیارى دواخستنى دا. عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "پێمان راگەیێندرا کە دانیشتنەکە دواخراوە، بەبێ ئەوەى هۆکارى دواخستنەکە دیار بێت."
دانیشتنەکەى دادگە بۆ 12ى مانگى ئایارى داهاتوو دواخراوە، تاوەکو دادگەکە جێبەجێکردنى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لەساڵى 2024 یەکلا بکاتەوە، کە یەکێک لە خاڵەکانى دیاریکردنى 30ى تەممووزە وەک دوا وادە بۆ گەڕانەوەى ئەو ئاوارانەى شارەکانى عێراق لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان.
سکاڵا لێکراوان سەرۆکی هەرێمى کوردستان و سەرۆکوەزیران و وەزارەتى ناوخۆن. سکاڵاکار داوایکردووە پەیوەست بکرێن بە داخستنى کەمپى ئاوارەکان و پێکهێنانى لیژنەیەک لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە. عەلى جیهانگیر دەڵێت: "سکاڵاکە زیاتر بە ئاڕاستەى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستانە، دۆسیەى کەمپەکان لەلاى ئەو وەزارەتەیە".
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران، 30ى تەممووزى دیاریکردووە وەک دوا وادە بۆ خەرجکردنى چوار ملیۆن دینار وەک هاوکارى دارایی بۆ ئەو ئاوارانەى دەگەڕێنەوە زێدى خۆیان. ئەو هەنگاوە هاندانیانە بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە.
زیاتر لە 30 هەزار خێزانى ئاوارەى پارێزگاکانى عێراق لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستاندان، سێ رێگەچارە خراوەتە بەردەمیان، کە یان بگەڕێنەوە، یان بمێننەوە و وەک جێگیر لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان، یان بچنە پارێزگاى سێیەم جگە لەو دوو شوێنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ