چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لایەنە شیعەکانی بانگهێشت کرد بۆ کۆبوونەوەیەکی "یەکلاییکەرەوە" لە رۆژی چوارشەممە، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەندامانی هاوپەیمانییەکە بانگهێشت کراون بۆ کۆبوونەوەی ژمارە 272 کە بڕیارە سبەی چوارشەممە لە نووسینگەی هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە بەغدا بەڕێوەبچێت.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، تەوەری سەرەکی و بنەڕەتیی کۆبوونەوەکە "یەکلاییکردنەوەی ناوی بەربژێری سەرۆکوەزیرانە"، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا لایەنەکان نەیانتوانی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
 
ئەم هەنگاوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممە لایەنە پێکهێنەرەکانی ئەو هاوپەیمانییە لە ماڵی عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆبوونەوە. بەپێی زانیارییەکان، باسم بەدری، سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری وەک یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکان لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە بووە.
 
عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی نەگەیشتن بە ئەنجامێکی کۆتایی لە کۆبوونەوەکەی ماڵی عەمار حەکیم، بڕیاردراوە دۆسیەی یەکلاییکردنەوەی ناوی بەربژێرەکە بۆ کۆبوونەوەکەی سبەی چوارشەممە لە نووسینگەی هومام حەمودی دوابخرێ.
 
لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 11ی نیسان، دەبێت لە ماوەیەک کە 15 رۆژ تێپەڕ نەکات، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەک گەورەترین فراکسیۆن بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلایی بکاتەوە.
 
لە 12ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا، محەممەد شیاع سوودانی بۆ بەرژەوەندیی نووری مالیکی لە بەربژێربوونی بۆ سەرۆکوەزیران کشایەوە، بەڵام هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ ئاستەنگی بۆ مالیکی دروست کرد. 
 
بەگوێرەی دەستوور، لە ماوەی 30 رۆژ لە راسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ، دەبێت کارنامە و کابینەی حکومەتەکەی بباتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێ. پەسندکردنی کابینەی حکومەت پێویستی بە زۆرینەی سادەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانە لە دوای ئامادەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە