رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دارایی عێراق لە بارەى تەمەنى خانەنشینکردن رونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ئەو فەرمانبەرەی خانەنشین دەکرێت، دەبێت 60 ساڵى تەواو کردبێت.
وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ چوارشەممە روونکردنەوەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، فەرمانگەى یاسایی وەزارەتى دارایی عێراق لە 19ـی ئایار نووسراوێکى گشتاندووە بۆ سەرجەم دامەزراوەکانى دەوڵەت و تیایدا ئاماژەى بەوە داوە کە ئەو فەرمانبەرەى خانەنشین دەکرێت پێویستە تەمەنى 60 ساڵانى تەواو کردبێت.
لە نووسراوەکەدا نموونە بۆ تەواوکردنى تەمەنى خانەنشینکردن هێنراوەتەوە کە ئەگەر فەرمانبەرەکە لە یەکى ئایارى 1965 لەدایک بووبێت، پێویستە لە یەکى ئایارى 2025 خانەنشین بکرێت، بەوپێیە پێویستە فەرمانبەرەکە دەبێت 60 ساڵ تەمەنى تەواو کردبێت.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو رونکردنەوەیەى وەزارەتى دارایی دواى پرسیارى چەند پەرلەمانتارێک بووە لەسەر تەمەنى خانەنشینکردن.

بە گوێرەى هەموارى یاسای خانەنشینى کە لە 2019 پەرلەمانى عێراق پەسەندى کردووە، پێویستە فەرمانبەر لەگەڵ تەواوکردنى تەمەنى 60 ساڵى خانەنشین بکرێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنى ساڵانى خزمەتى.
دارا سێکانیانى، گوتى: "ئەو رونکردنەوەیە بۆ هەرێمى کوردستانیشە کە بەهەمان یاسا فەرمانبەرانى خانەنشین دەکرێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ