عێراق گرێبەستێکی وزە لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی واژۆ دەکات

21-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى نەوتى عێراق گرێبەستێک بۆ دروستکردن، دانانى پاڵاوگە، کارگەى پترۆکیمیایی، چیمەنتۆ و وێستگەى بەرهەمهێنانى کارەبا لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی واژۆ دەکات.
 
گرێبەستەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـى ئایارى 2025، لەنێوان وەزارەتى نەوت و هاوپەیمانیێتیى کۆمپانیاى جیۆ جیدیى چینى و هیلالى بەسرە واژۆ کراوە، بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى بەسرەى تەواوکار. 
 
بەگوێرەى ئەو پڕۆژەیە، پەرە بە بەرهەمهێنانى نەوت دەدرێت لە کێڵگەى توبە و بڕى بەرهەمی رۆژانەى لە 20 هەزار بەرمیلەوە بۆ 100 هەزار بەرمیل بەرز دەکرێتەوە، هەروەها پاڵاوگەیەک بە تواناى 200 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا دادەمەزرێنرێت. 
 
حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، یەکەم جارە وەزارەتەکەى بەو داڕشتەیە پڕۆژە جێبەجێ بکات.  
 
یەکێک لە خاڵەکانى دیکەى گرێبەستەکە دروستکردنى کارگەیەکى پترۆکیمیاییە بە تواناى 620 هەزار تۆنى ساڵانە و کارگەیەکى چیمەنتۆ بە تواناى 520 هەزار تۆن لە ساڵێکدا، لەگەڵ دانانى دوو وێستگەى کارەباى 650 مێگاواتى. 
 
وەزیرى نەوتى عێراق گوتی: "زیادەى کارەباى بەرهەمهێنراوى ئەو پڕۆژەیە دەخرێتە نێو تۆڕى کارەبای نیشتمانى و وێستگەیەکى دیکەى  بەرهەمهێنانى کارەبا لە تیشکى خۆر بە تواناى 400 مێگاوات دروست دەکرێت". 
 
کۆمپانیاى جیۆ جیدیى چینى گرێبەستى دیکەى لە گەڕى پێنجەمى گرێبەستەکانى وەزارەتى نەوت بردەوە، هەرچى کۆمپانیاى هیلال بەسرەیە، کۆمپانیایەکى نێوخۆیی عێراقە و لە بوارى خزمەتگوزاریى وزەدا کاردەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە