رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا هاوپەیمانیێتیی ئەنباری یەکگرتوو هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-05-2025 جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو هاوپەیمانیێتییە لە دوو حیزب پێکهاتبوو، یەکێک لەوان کشایەوە. بە گوێرەی یاساکانی کۆمیسیۆن، دەبێت هاوپەیمانێتی لە دوو حیزب یان زیاتر پێکهاتبێت، بۆیە بڕیارمان دا بە هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیێتییەکە."
جومانە غەلای گوتیشی، "ئەو حیزبانەی لەو هاوپەیمانێتییە بوون، دەتوانن بە جیا یان لەنێو هاوپەیمانێتی دیکەدا بەشداری هەڵبژاردن بکەن، چونکە لەلای ئێمە تۆمارکراون و کێشەی یاساییان نییە."
هاوپەیمانێتی ئەنبار یەکگرتوو لە، رەوتی دادپەروەری، حیزبی دادپەروەری و چاکە و چەند کەسایەتییەکی سیاسی پێکهاتبوو.
بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەکرێت.
بەگوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، تاوەکو ئێستا، 106 حیزب، حەوت هاوپەیمانی و 10 لیست خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەربڕیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ