رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 17 هەزار جیابوونەوە و سەروو پێنج هەزار و 700 تووندوتیژیی خێزانی تۆمارکراون.
بەپێی ئەو داتایانەی لە پێنج خشتەی جیاوازی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە وەرگیراون، وردەکاریی دۆخی کۆمەڵایەتی و یاسایی لە شارەکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) بەم شێوەیە:
جیابوونەوە و هاوژینی لە دەرەوەی دادگە
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە هەڵوەشاندنەوەی خێزان گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز. لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا:
- کۆی گشتیی جیابوونەوە: 17.225 جیابوونەوە.
- زۆرترین رێژەی جیابوونەوە لە بەغدا بووە کە لە کەرخ 3.333 جیابوونەوە و لە رەسافە 3.805 جیابوونەوە تۆمارکراون.
- 6.757 گرێبەستی هاوژینی لە دەرەوەی دادگە کراون کە زۆرترینیان لە رەسافەی بەغدا بووە بە 1.328 دانە.
تووندوتیژیی خێزانی
ئامارەکانی تووندوتیژی نیشانی دەدەن کە ژنان قوربانیی سەرەکیی کێشە کۆمەڵایەتییەکانن. لەو ماوەیەدا 5.740 تووندوتیژی تۆمارکراون کە بەم شێوەیە دابەشبوون:
- تووندوتیژی دژی ژنان: 4.606 تووندوتیژی.
• تووندوتیژی دژی بەساڵاچووان: 799 تووندوتیژی.
• تووندوتیژی دژی منداڵان: 335 تووندوتیژی.
• دادگەی تێهەڵچوونەوەی رەسافە/ بەغدا، بە تۆمارکردنی 882 تووندوتیژی دژی ژنان، لە پلەی یەکەمدایە.
مێرمنداڵان و هاوژینی پێشوەختە
سەبارەت بەو داوایانەی پەیوەستن بە پرسی مێرمنداڵان، ئامارەکان دەریدەخەن:
- کۆی گشتیی ئەو داوایانەی خراونەتەڕوو: 2.263 داوا.
- ژمارەی ئەو داوایانەی یەکلایی کراونەتەوە: 1.961 داوا.
هەروەها رێگەدان بە هاوژینیی پێشوەختە (خوار 18 ساڵ) ژمارەیان گەیشتووەتە 1.694 بەڵگەنامە لە سەرانسەری عێراق، کە زۆرترینیان لە رەسافەی بەغدا بووە بە 266 دانە و دواتر نەینەوا بە 218 رێگەدان بە هاوژینی پێشوەختە دێت.
یاسای عێراقی رێگەی داوە بە دادوەر کە ئەگەر مێرمنداڵێک تەمەنی گەیشتبێتە 15 ساڵ و داوای پێکهێنانی هاوژینی بکات، دادوەر دەتوانێت رێگەی پێ بدات، بەڵام بە مەرجێک بیسەلمێندرێ کە "پێویستییەکی زۆر"ی بۆ داواکەی هەیە.
مەرجەکانی رێگەدان بە هاوژینی پێشوەختە ئەمانەن:
- کەسەکە گەیشتبێتە 15 ساڵ.
- رەزامەندی باوکی هەبێت (یان سەرپەرشتیارەکەی).
- پشکنینی پزیشکی و توانای جەستەیی هەبێت.
- دادوەر بڕوا بهێنێت کە ئەو هاوژینییە لە بەرژەوەندیی ئەو کەسەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ