لە عێراق تاوتوێی دروستکردنی دامەزراوەیەک دەکرێ بۆ هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەنێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا تاوتوێی دروستکردنی دامەزراوەیەکی نوێ دەکرێ بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەکانى دەرەوەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری لەخۆبگرێ.
 
بەرپرسێکى باڵاى یەکێک لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گفتوگۆ لەسەر بیرۆکەکە دەکرێ و تاوەکو ئێستا نەبووەتە بڕیار".
 
تاوتوێکردنی ئەو بیرۆکەیە لەسەروبەندی تەواوکردنی کابینەی حکومەتی نوێی عێراقە، کە هێشتا بەربژێری نۆ وەزارەت ماوە دەنگیان لەسەر بدرێ.
 
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بیرۆکەکە وایە کە دامەزراوەیەک بۆ ئەو هێزانە دروست بکرێ کە لە دەرەوەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریین و خاوەنی خەسڵەتی تایبەتیی خۆیانن، وەک حەشدی شەعبی، دەزگای بنبڕکردنی تیرۆر و ئەو هێزە چەکدارانەی دیکە کە راستەوخۆ سەر بە فەرماندەی گشتى هێزە چەکدارەکانن".
 
عەقیل ردێنی رایگەیاند: "تاوتوێکردنی ئەو بیرۆکەیە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ئەو هێزانە لە رووی یاسایی، دروستکردن، پێکهاتە و تەمەنیانەوە لە هێزەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ جیاوازە؛ تاوتوێکردنی ئەو بیرۆکەیە وەک بنەمایەکە بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و بڕیارە لە دوای جەژنی قوربانیش ئەو پێشنیازە بە پەسندکردن یان رەتکردنەوە یەکلایی بکرێتەوە".
 
یەکێک لە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ پێکهاتەی حکومەتی نوێی عێراق، بەشداری پێنەکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە بەلای واشنتنەوە وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە