عێراق
باڵیۆزی نوێی عێراق لە تورکیا پەڕاوی متمانە رادەستی سەرۆککۆماری تورکیا دەکات. وێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی نوێی عێراق لە تورکیا پەڕاوی متمانەی رادەستی سەرۆککۆماری تورکیا کرد و دەستبەکاربوو.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە ماجید لەجماوی پەڕاوی متمانەی وەک باڵیۆزی باڵای راسپێردراوی عێراق لە تورکیا رادەستی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا کرد.
لەوبارەوە موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باڵیۆزی باڵای راسپێردراو، باڵیۆزێکی بەدەسەڵاتتر و دەستکراوترە لە باڵیۆزی ئاسایی کە لەلایەن عێراقەوە راسپێردراوە.
ئەندامەکەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، باڵیۆزی ئاسایی نوێنەری وڵاتەکەی خۆی دەکات، بەڵام دەسەڵاتی تەواوی نەدراوەتێ لە هەموو بابەتێک رێککەوتن بکات و یاداشتی لێکتێگەیشتن بکات، بەڵام باڵیۆزی باڵای راسپێردراو ئەو دەسەڵاتەی هەیە.
لە رێوڕەسمەکەدا لەجماوی پیرۆزبایی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا کە لە کۆتایی مانگی رابردوودا بەڕێوەچوو و ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق خوازیارە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی پەرەپێ بدات.
سەرۆککۆماری تورکیاش جەختی لە گرنگی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا کردەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ