بەڕێوەبەری پێشووی فڕۆکەخانەی بەسرە: سیخوڕییم نەکردووە و سکاڵا تۆمار دەکەم

21-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حەسەن عەبدولهادی تەمیمی، بەڕێوەبەری لەسەرکارلادراوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە، کە گوایە بەهۆی دانانی ئامێری گوێگرتنەوە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و جەختی کردەوە، کە سکاڵای یاسایی لەسەر بڵاوکەرەوەی ئەو دەنگۆیانە تۆمار دەکات.
 
حەسەن عەبدولهادی تەمیمی، لە تۆمارێکی دەنگیدا کە رۆژی شەممە، (21ی حوزەیرانی 2025) دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رایگەیاند: "لەسەرکارلادانم لە پۆستی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە، لە ئەنجامی هیچ کەمتەرخەمییەک یان هەڵەیەک نەبووە لە کارەکانمدا، بەڵکو بەهۆی هەڵوێستی نەگۆڕم بوو لە جێبەجێنەکردنی هەندێک بڕیار و فەرمانی لێکۆڵینەوەلێنەکراو و ئەو گوشارە زۆرەی خرابووە سەرم بۆ گەڕاندنەوەی هەندێک بەرپرسی بەشە هەستیارەکان، کە پێشتر بەهۆی لێنەهاتوویانەوە لە کار دوورخرابوونەوە."
 
حەسەن عەبدولهادی تەمیمی جەختی کردەوە، "سەرەڕای ئەو ئەنجامانەی بەهۆی ئەم هەڵوێستەمەوە کەوتنەوە، شانازی بەو دەستکەوتە بەرچاوانەوە دەکەم، کە لە ماوەی کارکردنمدا لە بواری پەرەپێدانی خزمەتگوزاری و رێکخستنی کار و باشترکردنی ژینگەی فڕۆکەخانەکەدا بەدەستهاتوون، بە شێوازێک کە شایستەی پێگەی بەسرە و خەڵکەکەی بێت."  
 
حەسەن عەبدولهادی تەمیمی روونیشی کردەوە، "بە تەواوی ئەو دەنگۆ ناڕەوایانە رەتدەکەمەوە، کە لە هەندێک پەیجی گوماناوییەوە بڵاوکراونەتەوە، لەوانە بانگەشەی درۆیینەی دانانی ئامێری سیخوڕی و درۆی دیکەی هەڵبەستراو."
 
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کە "سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو لایەن و کەسانە تۆمار دەکات، کە ئەم بانگەشە درۆیینانەیان بۆ ناوزڕاندن و سووکایەتیپێکردن بڵاوکردووەتەوە".
 
هەفتەی رابردوو وەزارەتی گواستنەوەی عێراق فەرمانێکی کارگێڕی دەرکرد، تێیدا حەسەن عەبدولهادی عەبدوڵڵا لە پۆستی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە دوورخرایەوە و چاودێرێکی باڵای جوڵەی ئاسمانی لە شوێنی دانرا.
 
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە لە نووسینگەی وەزیری گواستنەوە لە 18ی حوزەیران دەرچووە، بڕیارەکە "بەپێی پێداویستییەکانی بەرژەوەندیی گشتی و دەسەڵاتەکانی وەزارەت" دراوە. لە فەرمانەکەدا هاتووە، کە ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانگە بنەڕەتییەکەی خۆی لە کۆمپانیای گشتیی خزمەتگوزارییەکانی گەشتی ئاسمانی.
 
هەر لە هەمان بڕیاردا، حەسەن عەلی عەبدولحەمید، چاودێری یەکەمی گواستنەوەی ئاسمانی، راسپێردراوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری بەشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە. وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە "ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی جووڵەی کارگێڕیی رۆتینیدایە و ئامانج لێی بەهێزکردنی لێهاتوویی و کاریگەرییە لە بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی عێراقدا."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە