ئاوەدانکردنەوەی عێراق بۆ رووداو: 85٪ـی پردی حەمرین تەواو بووە

21-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کارکردن لە پڕۆژەی پردی ستراتیژیی حەمرین لە سنووری پارێزگای دیالە گەیشتووەتە قۆناخەکانی کۆتایی و بڕیارە ئەم ساڵ تەواو بکرێت، بەمەش دەبێتە درێژترین پرد لەسەر ئاستی عێراق.
 
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکانی عێراق، رۆژی شەممە (21ـی حوزەیرانی 2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەی دروستکردنی پردی حەمرین یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانمان لە پارێزگای دیالە، کە تاوەکو ئێستا 85٪ـی کارەکانی تەواو بووە و هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواو بکرێت."
 
درێژیی گشتیی پڕۆژەکە 7,750 مەترە، کە 3,000 مە‌تری بۆ پردەکە خۆی و 4,750 مە‌تریشی بۆ رێڕەوەکانی چوونەسەر پردەکە تەرخان کراوە.
هاوکات لەگەڵ پڕۆژەکەدا، رێگەی گشتیی شارەبان- سەعدیە لە چوارچێوەی حەوزی دەریاچەی حەمریندا نۆژەن دەکرێتەوە.
 
ئەم پردە گرنگییەکی ستراتیژیی گەورەی هەیە، چونکە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق لە رێگەی دیالەوە بە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی باکوور دەبەستێتەوە.
 
جگە لەوەش، وەکو دەروازەیەکی بازرگانی رۆڵ دەگێڕێت بۆ ئاسانکاریی ئاڵوگۆڕی کاڵا و هاتووچۆی گەشتیاران لە نێوان عێراق و ئێران لە رێگەی مەرزی نێودەوڵەتیی مونزریەوە.
 
بە گوتەی نەبیل سەفار، کارەکانی کۆنکرێتڕێژکردنی تەواوی رووی سەرەوەی پردەکە کۆتایی هاتووەو ئێستا کار لە دانانی ستوونەکانی رووناککەرەوە، دروستکردنی شۆستەی پیادە، تەواوکردنی رێڕەوەکانی سەر پرد و دانانی پەرژینی ئاسنینی پارێزەر بەردەوامە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە