رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە ساڵێکە چوار لیژنەى پەرلەمانى عێراق بێ سەرۆکن و لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامیانەوە بە کاتى بەڕێوەدەبرێن، فراکسیۆنەکان تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ پڕکردنەوەی سەرۆکایەتیی ئەو لیژنانە.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، هەریەک لە لیژنەکانى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى سیاسی، گەنجان و وەرزش، کۆچ و کۆچبەران، ئەوقاف و خێڵەکان لە پەرلەمانى عێراق، سەرۆک و دوو جێگرەکانیان هەڵنەبژێردراون.
چیایی تەیموور، کە ئێستا بە کاتیى سەرۆکى لیژنەى گەنجان و وەرزشى پەرلەمانى عێراقە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "سەرۆکى لیژنەکە تائێستا هەڵنەبژێردراوە، کە لە پشکى سوننەکانە و ئەوان لەنێوان خۆیاندا لەسەرى رێکنەکەوتوون."
لە 12ـى تەممووزى 2022، سەرجەم ئەندامانى فراکسیۆنى سەدر لە پەرلەمانى عێراق کە 73 پەرلەمانتار بوون، دەستیان لەکارکێشایەوە و بەربژێرى فراکسیۆنەکانى دیکە جێگەیان گرتنەوە، بەوەش دابەشکاریى پێشووى سەرۆکى لیژنەکان هەڵوەشایەوە.
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى کۆچ و کۆچبەرانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، سەرۆکى لیژنەکەیان لە پشکى فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەڵنەبژێردراوە و ئەوەش کارى لیژنەکەیانى سستکردووە.
ئێستا لیژنەى کۆچ و کۆچبەران لەلایەن شەریف سلێمان وەکو بەتەمەنترین ئەندامى لیژنەکە سەرۆکایەتى دەکرێت، شەریف سلێمان ئەندامی فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستانە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، رۆنزى زیاد، پەرلەمانتارى یەکێتى لە پشکى نەینەوا بەربژێرە بۆ وەرگرتنى سەرۆکایەتیى لیژنەى کۆچ و کۆچبەران.
شوان محەممەد، ئەندامى لیژنەى شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانى سیاسى لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سەرۆکى لیژنەکەیان لە پشکى شیعەکانە، بەڵام یەکلانەکراوەتەوە. لیژنەکە بەشێوەیەکى کاتى لەلایەن حەسەن سالم، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى سادیقون بەڕێوەدەبرێت کە بەشێکە لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى.
شوان محەممەد ئاماژەى بەوەشدا کە چەند جارێک داوایان لە سەرۆکایەتیى پەرلەمان کردووە، سەرۆکایەتیى لیژنەکە هەڵبژێردرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە.
لە پەرلەمانى عێراق 25 لیژنەى هەمیشەیی و دوو لیژنەى کاتى هەن، دابەشکردنى سەرۆک و جێگرانى لیژنەکان بەگوێرەى ژمارەى ئەندامانى فراکسیۆنەکان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ