رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق تاوتوێى سکاڵایەک دەکات، لەبارەى دەنگدان لەسەر بڕگەیەکى پێشنیازکراوى یاساى بودجەى گشتى، کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى عێراق، رۆژی دووشەممە، 24ى تەممووز ئەو دادگەیە تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە لەدژى دەنگدان بە بڕگەیەکى بودجەى گشتى تۆمارکراوە، کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى مووچە.
سکاڵاکە لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە دژى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان تۆمارکراوە، کە داوا دەکات ئەنجامى دەنگدان بە بڕگەیەکى مادەى 14ى یاسای بودجە هەڵبوەشێندرێتەوە و محەممەد حەلبووسی ناچار بکرێت ئەنجامى راستەقینەى دەنگدانەکە رابگەیێنێت و کار بۆ راستکردنەوەى بکات.
سەرچاوەیەک لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو سکاڵایە لەدژى دەنگدان بووە بە بڕگەیەک بۆ ئەوەى گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بدرێتەوە و لەلایەن حکومەتى فیدراڵیەوە بودجەى بۆ دابین بکرێت."
رۆژی 12ى حوزەیرانى 2023، پەرلەمانى عێراق یاساى بودجەى گشتیی پەسندکرد، کە یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەبوو مانگانە رێژەیەک لە مووچەى پاشکەوتکراوی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بگەڕێندرێتەوە، ئەو کات سەرۆکى پەرلەمان رایگەیاند پێشنیازەکە دەنگى بەدەست نەهێناوە.
ئەوکات شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "لەکاتی خوێندنەوەی بڕگەکە من لەسەر سەکۆکە بووم و دەزانم دەنگی پێویستی هێنا، راستە سەرۆکی پەرلەمان گوتی دەنگی نەهێنا، بەڵام لێکۆڵینەوە دەکەین و ڤیدیۆی دانیشتنەکە لێدەدەینەوە و دڵنیاین لەوەی دەنگی هێناوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ