رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، بڕیارە ساڵی داهاتوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ بکرێتەوە.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی یەکشەممە 21-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کۆتایی ئەم ساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوو کاری نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ تەواو دەبێت.
فڕۆکەخانەکە 5 کیلۆمەتر لە باشوورەوە لە ناوەندی شاری موسڵەوە دوورە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، بڕیارە ساڵی داهاتوو بە فەرمی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ دەست پێبکەنەوە.
مەیسەم سافی گوتی، "کۆمپانیای تورکی، فەرەنسی و ئیتاڵی لە فڕۆکەخانەکە کاردەکەن. رادارەکانی فڕۆکەخانەکە لە فەرەنسا و ئیتاڵیاوە دابینکراون و کاری زۆر کراوە".
فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ لە ساڵى 1920 دەست بە بنیاتنانی کرا و رووبەرەکەى 1600 دۆنمە.
هێزەکانی ئەمریکا ساڵی 2003 فڕۆکەخانەی موسڵیان کردە بنکەیەکی سەربازی و لە ساڵی 2008 رادەستی حکومەتی عێراقییان کردەوە و هەمان ساڵ بەرووی گەشتیاراندا کرایەوە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا لە موسڵ لە ساڵانی 2014- 2017، 70٪ی ئەو فڕۆکەخانەیە وێرانبوو.
رۆژی 10ى ئابى 2022، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى ئەو کاتى عێراق بەردى بناخەى نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنەوەى فڕۆکەخانەکەی دانا.
بودجەى پڕۆژەکە 200 ملیار دینارە و نیوەى لە پارەى بلۆککراوى پێشووى پارێزگاى نەینەوایە لە سەردەمى شەڕى داعش و نیوەکەى دیکەى لە بودجەى یاسای پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان دابین دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ