رووداو دیجیتاڵ
هێشتا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دەستی پێنەکردووەتەوە، تورکیا وادەی کۆتاییهاتنی رێککەوتنی بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراقی لە 2026ـدا راگەیاند. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، دەبێت لەم مانگەدا نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە و ئامادەن رێککەوتنەکەش لەگەڵ تورکیا نوێ بکەنەوە.
شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق خەمڵاندنی بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان کردووە و دەرکەوتووە لەم دۆخەدا و دوای هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان، هەرێمی کوردستان رۆژانە تەنیا توانای بەرهەمهێنانی 80 هەزار بەرمیلی هەیە.
شاندەکە رۆژی 17ی ئەم مانگە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لیژنە فیدراڵییەکە دواى گەڕانەوەى، ئەو زانیارییانە لەبارەی رێژەی بەرهەمی نەوت، دەداتەوە وەزارەتەکەی."
بەگوێرەی ئەو ئەنجامە بێت، هەرێمی کوردستان رۆژانە دەتوانێت تەنیا 30 هەزار بەرمیل رادەست بکات، چونکە لە رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانیش هاتبوو، هەرێمی کوردستان مافی هەیە بڕی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ مەبەستی بەکاربردنی ناوخۆیی بەکاربهێنێت.
بەڵام سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێککەوتنەکە بەو چەشنە کراوە کە رۆژانە 230 هەزار بەرمیل رادەست بکرێت؛ بۆیە ئێمە ناتوانین ئەو بڕە کەمە نەوتە وەربگرین. ژمارەکە زۆر لەو بڕە دوورە کە رێککەوتنی لەسەر کراوە."
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی بەرهەمهێندراوی ئێستا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات کە بە 230 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە مەزەندە کراوە؛ 50 هەزار بەرمیلی دیکەشى بۆ پێویستیی ناوخۆیی و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنرێت.
سەرچاوەکەی رووداو ئاماژەی بەوە کرد، "دەبێت پێش کۆتایی ئەم مانگە، هەرچۆنێک بێت هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە."
هەر پەیوەست بە هەناردەی نەوت، ئەمڕۆ تورکیا بڵاویکردەوە، رێککەوتنی بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق، کە لە ساڵی 1973وە کاری پێدەکرێت، لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت.
ئەو رێککەوتنە بۆ یەکەمجار رۆژی 27ـی ئابی 1973 لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا. رۆژی 22ـی نیسانی 1975 بە بڕیاری ژمارە 7/9843 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. بە درێژایی ساڵان لە رێگەی چەندین پرۆتۆکۆلی جیاوازەوە نوێکراوەتەوە. دواجار لە ساڵی 2010 بۆ 15 ساڵی دیکە درێژکرایەوە کە لە ساڵی 2025 کۆتایی دێ.
سەرچاوەکەی رووداو لە وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، "ئاگاداری ئەو بڕیارەی تورکیاین. ئەو وڵاتە دەیەوێت کرێی بۆرییەکە زیاد بکەین و ئێمەش ئامادەین بیکەین و گرێبەستەکە نوێ دەکەینەوە."
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، "پێش تەواوبوونی وادەکەی"، گرێبەستەکە لەگەڵ تورکیا نوێ دەکرێتەوە.
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی حکومەتی عێراق ساڵی 1973 لەگەڵ تورکیا کردوویەتی، بۆ هەناردەکردنی هەر 420 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی ئەو بۆرییانە، دەبێت دۆلارێک و 18 سەنت بە حکومەتی تورکیا بدات.
بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێش راگیرانی هەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە، بۆ 420 هەزار بەرمیل، بڕی 4.30 دۆلاری بە حکومەتی تورکیا دەدا.
ئەمڕۆ بەرپرسێکی ئەنقەرە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: "دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ و زیندوو بۆ بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا خزمەت بە هەردوو وڵات و تەواوی ناوچەکە دەکات،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە پێیان باشترە رێککەوتنێکی نوێ هەبێت، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەخستووەتە روو لەسەر ئەوەی کە تورکیا دەیەوێت رێککەوتنەکە بە چ شێوەیەک بێت.
ئەمە لە کاتێکدا، ئەنقەرە لە کۆتایی ساڵی 2023 گوتی، لە دیوی ئەوانەوە، بۆرییەکە ئامادەیە نەوتی عێراق وەربگرێت. بەڵام بەغدا، هەولێر و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت تائێستا نەیانتوانیوە لەنێوان خۆیاندا لەسەر هەناردەکردنەوە رێکبکەون.
ئەمەی خوارەوە پوختەی نێوەڕۆکی رێککەوتننامەی ساڵی 1973ی عێراق و تورکیایە لەسەر بۆرییە نەوتەکە:
خاوەندارێتی و کارپێکردنی بۆرییەکە:
- هەر وڵاتێک ئەو بەشەی بۆرییەکە کە بەنێو خاکەکەیدا دەڕوات، بەڕێوەدەبات، چاکیدەکاتەوە و خەرجیی دارایی لە ئەستۆ دەگرێت.
- نەوتەکە دەگەیێنرێتە بەندەری جەیهان و لەوێوە لە کەشتییەکان بار دەکرێت.
پارێزبەندی یاسایی بۆ نەوتی عێراق:
- نەوتی عێراق کە بەنێو تورکیادا دەڕوات، دەبێت لە هەر رێکارێکی یاسایی بپارێزرێت، بۆ نموونە، نابێت دەستی بەسەردا بگیرێت یان لەبری قەرز ببردرێت، مەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیار بدەن.
- بەڵام ئەگەر لەبەر ئەم پارێزبەندییە، تورکیا ناچار بکرێت لە بری عێراق، پارە بە لایەنێکی سێیەم بدات، ئەوا دەبێت عێراق تورکیا قەرەبوو بکاتەوە.
بڕی نەوت و گەرەنتییەکان:
- عێراق بەڵێن دەدات هەموو ساڵێک بڕێکی دیاریکراو یان زیاتری نەوت بنێرێت. بۆ نموونە، لە ساڵی 2010دا 22 ملیۆن تۆن؛ لە ساڵی 2013 و دواتر 35 ملیۆن تۆن لە هەر ساڵێکدا.
- تەنانەت ئەگەر عێراق کەمتر لە بڕیاری دیاریکراو نەوت بنێرێت، دەبێت هەر پارەی گواستنەوەی هەموو ئەو بڕە بدات کە پێشوەخت رێککەوتنی لەسەر کراوە، مەگەر لەبەر دۆخێکی لەناکاو بێت.
پێناسی گومرگی (لە بەرامبەر بەکارهێنانی بۆرییەکە):
- بە گوێرەی بڕی نەوتی گوێزراوە، عێراق پارە بە تورکیا دەدات.
- چەند نەوتی زیاتر بنێردرێت، نرخی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک کەمتر دەبێتەوە (لە نێوان 1.18 دۆلار و 0.90 دۆلار)
- هەر پێنج ساڵ جارێک، دەستکاری هەقی گواستنەوە دەکرێت، لەسەر بنەمای رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا، چونکە بەهای دۆلار لەگەڵ هەڵاوسان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.
تێچووە زیادەکان:
- ئەو پارەیەی عێراق لە بەرامبەر گواستنەوەی نەوت بە تورکیای دەدات، هەموو تێچوویەکی پەیوەندیدار بە گواستنەوە دەگرێتەوە، لە نێویاندا، مووچەی کارمەندانی بۆرییەکە، پارەی چاککردنەوە و باج.
- بەڵام ئەم پارەیە خزمەتگوزاری کەشتییەکان ناگرێتەوە؛ واتە پارەی بارکردن و داگرتنی لە کەشتییەکان بە جیا دەدرێت.
- ئەگەر لە بەندەری جەیهان ئاو لە نەوت جیابکرێتەوە، عێراق پارەی زیادە دەدات.
لەدەستدانی نەوت:
- ئەگەر لە 0.05٪ زیاتری نەوت لێبچێت (لەکاتی گواستنەوە لەدەست بچێت) ئەوا دەبێت تورکیا قەرەبوو بە عێراق بدات.
خاوەندارێتیی نەوتی کۆگاکراو:
- ئەو نەوتەی لەنێو بۆرییەکەدا دەمێنێتەوە، لە هەندێ بەش، موڵکی تورکیا و لە هەندێ بەشی دیکە، موڵکی عێراقە.
- کە رێککەوتنەکە کۆتایی هات، تورکیا پارەی ئەو نەوتە بە عێراق دەداتەوە کە لە بنی بۆرییەکە یان کۆگاکاندا ماوە.
نووسینگەی عێراق لە تورکیا:
- عێراق نووسینگەیەکی لە بەندەری جەیهان دەبێت
- تورکیا لە باجەکانی نووسینگەکە خۆش دەبێت و یارمەتیی ستافەکەی دەدات ڤیزە بەدەست بێنن و لەوێ بژین.
باری لەناکاو و کارەساتی سرووشتی:
- ئەگەر رووداوێکی نەخوازراو روویدا، وەک جەنگ یان کارەساتی سرووشتی، هەردوو وڵات بەرپرسیارێتیی خۆیان دەوەستێنن.
- پێویستە هەر یەکیان دەستبەجێ ئەوەی دیکە ئاگادار بکاتەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بدات.
ناکۆکییەکان:
- ناکۆکییەکان سەرەتا بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن
- ئەگەر تاوەکو 4 مانگ چارەسەر نەکران، ناکۆکییەکە دەبردرێتە دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس و بەپێی یاسای فەرەنسی یەکلایی دەکرێتەوە.
ماوەی رێککەوتنەکە:
- رێککەوتنەکە بۆ 15 ساڵە و دەکرێت بە شێوەیەکی خۆکارانە بۆ 5 ساڵی دیکە درێژبکرێتەوە، ئەگەر هیچ لایەنێک لاری نەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ