چوارچێوەی هاوئاهەنگی: هێرشکردنە سەر کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان تێکدانی سەقامگیرییە

21-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی هادی عامری، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەرزیرانی عێراق کۆبووەوە؛ "سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی سەر کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەین."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 21ی تەممووز، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "سەرکۆنەی ئەو هێرشە بەردەوامانە دەکەین، کە دەکرێنە سەر کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان."
 
بە بڕوای چوارچێوەکە، "ئەو هێرشانە بوونەتە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر سامانی نیشتمانی و بەرژەوەندی گشتی، هەروەها ژینگەی وەبەرهێنان تێکدەدات و هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 20 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان؛ لەو ژمارەیە 7ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە حکومەت دەکات، "هەڵوێستێکی بەهێزی هەبێت بۆ ئاشکراکردنی ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشانەوەن و رێگری لە دووبارەبوونەوەیان بکات."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی هاوخەمی خۆی بۆ رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هایپەرمارکێتەکەی پارێزگای واست دەربڕیوە و داواش دەکات لێپێچینەوە لە کەس و لایەنە کەمتەرخەمەکان بکرێت.
 
ئاگرەکەی واست، شەوی 16ـی تەممووز بوو، کە بەشێکی زۆری هایپەرمارکێتێک بەناوی کۆڕنیش لە شاری کوت سووتا، بەهۆیەوە 63 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکە بریندار بوون.

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە