رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لادا. راشیگەیاند، "ئەگەر نەتوانرا نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکرێت، سۆمۆ هەوڵدەدات لە دەروازەی دیکە هەناردەی بکات."
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، رۆژی دووشەممە، 21ی تەمموزی 2025، بە میدیای فەرمی عێراقی گوت: "رێککەوتنەکە رووداوێکی گەورە و ناوازەیە، چونکە کۆتایی بە چەندین ساڵی بنیاتنانی پەیوەندیی دارایی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی سیاسی دەهێنێت و قۆناخێکی نوێ دادەمەزرێنێت، تێیدا دەستوور و پابەندییە یاساییەکانی ناو یاسای بودجە، پێش هەر رێککەوتن و ئیجتیهادێکی سیاسی دەکەون."
باسم عەوادی گوتیشی: "بڕیارەکە پشتی بەو بنەمایانە بەستووە کە لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق (یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2023)دا چەسپێنراون، بەڵام ئەمجارە بە شێوەیەک کارا دەکرێت، کە یاسا لە سەرووی هەموو لایەنە سیاسییەکانەوە دادەنێت، ئەمەش بە بازدانێکی جۆری دادەنرێت."
گوتەبێژی حکومەت وردەکارییەکانی بڕیارەکەی خستەڕوو و گوتی: "بڕیارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە رادەستکردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانی (سۆمۆ)، دوای لێدەرکردنی 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. دواتر سۆمۆ هەناردەی دەکات بۆ بازاڕەکانی جیهان و داهاتەکەشی دەخاتە نێو گەنجینەی گشتیی یەکگرتوو."
باسم عەوادی روونیکردەوە، بڕیارەکە گفتوگۆکردنی دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکانی وەک باج و گومرگ لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمەوە لەخۆدەگرێت، چونکە بە بەشێک لە سەرچاوە سەروەرییەکانی دەوڵەت دادەنرێن کە دەچنە چوارچێوەی هەژماری گەنجینەی گشتییەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدای پەسند کرد، کە تایبەت بوو بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و داهاتی نانەوتی.
ئەمڕۆ تورکیا بڵاویکردەوە، رێککەوتنی بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق، کە لە ساڵی 1973وە کاری پێدەکرێت، لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لەو بارەیەوە گوتی: "کە میکانیزمی جێگرەوە لە بڕیارەکەدا هەیە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی پابەندبوونەکان، بۆ نموونە، لە حاڵەتی نەتوانینی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، ئەوکات بڕی بڕیار لەسەردراوە رادەستی سۆمۆ دەکرێت بۆ ئەوەی هەوڵبدات لە رێگەی دەروازەی دیکە هەناردەی بکات".
رێککەوتنی بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق بۆ یەکەمجار رۆژی 27ـی ئابی 1973 لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا. رۆژی 22ـی نیسانی 1975 بە بڕیاری ژمارە 7/9843 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. بە درێژایی ساڵان لە رێگەی چەندین پرۆتۆکۆلی جیاوازەوە نوێکراوەتەوە. دواجار لە ساڵی 2010 بۆ 15 ساڵی دیکە درێژکرایەوە کە لە ساڵی 2025 کۆتایی دێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ