ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق: دکتۆر بان نەکوژراوە و خۆی کوشتووە

21-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باسی کوژرانی د. بان زیاد دەکەن و جەخت دەکاتەوە کە رووداوەکە "خۆکوشتن" بووە. ئەنجوومەنەکە چەندین بەڵگەی تەکنیکی و زانستی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی خستووەتەڕوو.
 
ئەنجوومەنەکە داوا دەکات ئیدی ئەم بابەتە بەشێوەیەکی جیاواز لە راستییەکان باس نەکرێت، چونکە ئەمە "زیان بە ناوبانگی دامەزراوەکانی دەوڵەت و خانەوادەی کۆچکردوو دەگەیەنێت."
 
بان زیاد تاریق ئیسماعیل، پزیشکێکی دەروونی بوو لە پارێزگای بەسرە، لە 4ی ئاب لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستدا. دوای ئەوە گومان لەسەر شێوازی گیانلەدەستدانەکەی دروست بوو، بەوەی ئەگەر هەیە رووداوەکە کوشتن بووبێت، نەک خۆکوشتن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان کە بە هاوبەشیی دادگەی بەسرە، وەزارەتی ناوخۆ و پزیشکی دادی کراون.
 
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان پشتیان بەم بەڵگانە بەستووە
 
1. دەستخەتی خوێناوی: شیکردنەوەی دەستخەتی "ئەو نووسینەی بە خوێن لەسەر دەرگای گەرماوەکە نووسرابوو (أريد الله - خودام دەوێت)، دەرکەوتووە کە بە تەواوی هاوتای دەستوخەتی د. بان خۆیەتی." بۆ ئەم پشکنینە ئامێری پێشکەوتووی (VSC 8000 HS) بەکارهاتووە.
 
2. پەیامە دەنگییەکان: پەیامە دەنگییەکانی نێوان د. بان و هاوڕێیەکی بە ناوی زینەب عەلی (کە پزیشکی دەروونییە)، دەریدەخەن کە باری دەروونیی تێکچووە و تووشی خەمۆکیی قووڵ (پلە 5) بووە و داوای دەرمانێکی کردووە، کە لە بەسرە دەستناکەوێت.
 
3. کامێراکانی چاودێری و مۆبایلەکەی: کامێراکانی چاودێریی ماڵەوەیان دەریانخستووە کە هیچ کەسێک پێش رووداوەکە نەچووەتە ژوورەوە. هەروەها پشکنینی مۆبایلەکەی دەریخستووە کە سەیری کەناڵێکی کردووە بە ناوی "نامەکانی خۆکوشتن".
 
4. نامەی ماڵئاوایی و تۆماری دەنگی: نامەکانی نێوان د. بان و هاوپیشەیەکی بە ناوی عومەر زاحی، ئاماژە بەوە دەکەن کە باسی لە نیەتی خۆکوشتن کردووە و نامەی ماڵئاوایی بۆ ناردووە، تێیدا نووسیویەتی: "خودا لێت خۆشبێت... بەڵام ئیدی نامبینیتەوە... من دەڕۆم و لە قسەکانت رزگارم دەبێت.. ماڵئاوا." لە تۆمارێکی دەنگیدا، د. بان باسی لە "بیرۆکەی خۆکوشتن" کردووە و گوتوویەتی: "ماندوو بووم لە بوون، بەڕاستی ماندوو بووم."
 
5. شایەتیی خێزانەکەی و پزیشکێک: خێزانەکەی (باوک، دایک، خوشک و خاڵی) رایانگەیاندووە کە کچەکەیان بەهۆی گوشاری دەروونییەوە خۆی کوشتووە و سکاڵایان لەسەر هیچ کەسێک نییە. پزیشکێکی دیکەش کە شەوی رووداوەکە بۆ ماوەی نیو کاژێر قسەی لەگەڵ کردووە، شایەتیی داوە کە پێیگوتووە: "کەس منی خۆشناوێت و دەمەوێت لە ژیان بحەسێمەوە، چونکە بێزار بووم و جەستەم داوام لێدەکات هەردوو دەستم ببڕم."
 
6. راپۆرتی داد پزیشکیی: راپۆرتی داد پزیشکیی بەسرە، هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بۆ "خوێنبەربوونێکی زۆر بەهۆی بڕینی هەردوو مەچەکییەوە" گەڕاندووەتەوە. راپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە کە هیچ ئاسەوارێکی خنکاندن، بەکارهێنانی هێز یان بەستنەوەی دەستەکانی لەسەر جەستەی کۆچکردوو بەدینەکراوە. هەروەها پشکنینی DNA سەلماندوویەتی کە ئەو خوێن و تاڵە مووانەی لە شوێنی رووداوەکە دۆزراونەتەوە، هی د. بان خۆی بوون.
 
سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەسرە، بەفەرمی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەی گیانلەدەستدانی بان زیاد، خانمە پزیشکى دەروونى، ئاگادار کردەوە و رایگەیاند، نەکوژراوە و خۆی کوشتووە، ئەو دەستەواژەیەى لەسەر دەرگاى دەستشۆرى ژوورەکەشى بە خوێن نووسراوە، دەستوخەتى خۆى بووە.
 
ئەو دادگەیە لە 18ی ئابی 2025، بە نووسراوی فەرمی، راپۆرتی لێکۆڵینەوەی لەو رووداوە بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیران ناردووە، کە پشتی بەستووە بە راپۆرتی دادپزیشکیی لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو خانمە پزیشکەوە.
  
سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەسرە لە نووسراوەکەیدا، ئاماژەی بەوە داوە راپۆرتەکەی پشتی بەستووە بە ئەنجامی پشکنینی خوێن و ئەو تاڵە قژانەی لە شوێنی رووداوەکە هەڵگیرابوونەوە. هەروەها نووسینێک لەسەر دەرگاى دەستشۆری ژوورەکەی بان زیاد بە خوێن نووسراوە "خودا دەیەوێت"، کە دوای بەراوردکردن بە دەستوخەتی پزیشکەکە، دەرکەوتووە هاوشێوەن.
 
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە لەکاتی وەرگرتنی گوتەی دایک و باوکی، ئاماژەیان بەوە داوە کە کچەکەیان بەهۆی گوشاری دەروونییەوە خۆی کوشتووە و سکاڵایان لەسەر هیچ کەسێک نەبووە.
 
یەکێک لەو بەڵگانەی دیکە کە دادگە باسی کردووە، تۆمارێکى دەنگییە لە نێوان بان زیاد و پزیشکێک بە ناوی (عەباس عەلی) لە شەوی رووداوەکە، کە گوایە پێی راگەیاندووە "کەس خۆشی ناوێت و لە ژیاندا ئاسوودە نییە."
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، دادگە ئاماژەی بەوە داوە کە بە پشتبەستن بەو لێکۆڵینەوە و بەڵگانە، بڕیاری داوە پەڕاوی ئەو رووداوە دابخرێت و ئەو تۆمەتبارەی لەسەر ئەو پرسە دەستگیرکرابوو، ئازاد بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە