سەدر 15 بەربژێری لە رەوتەکەی دەرکرد؛ 'دوویان دژایەتیمان دەکەن'

21-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە فەرمانی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، 15 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ریزەکانی ئەو رەوتە دوورخرانەوە.
 
نووسراوی دەرکردنی ئەو بەربژێرانە، رۆژی پێنجشەممە، 21ی ئابی 2025، لەلایەن نووسینگەی موقتەدا سەدرەوە دەرکرا، ئەمەش دوای ئەوەی یاریدەدەری جیھادیی گرووپى سەرایا سەلامى سەر بە رەوتەکە پێشنیازی دوورخستنەوەیانی کردبوو، بە پاساوی ئەوەی سەرپێچیی بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانیان کردووە.
 
ئەو 15 ئەندامەی رەوتی نیشتمانی شیعە، بوونەتە بەربژێر لە لیستی ئەو لایەنە شیعانەی کە زۆرینەیان پێکهێنەری هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگین.
 
موقتەدا سەدر لە نووسراوی دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرانەدا ئاماژەی بەوە داوە کە: "خۆم لە هەموویان بەری دەکەم، بەتایبەت بەربژێرانى ریزبەندیی ژمارە 9 و 10، کە خەریکە دژایەتى خۆیان بۆ ئێمە رابگەیێنن بەوەی کە چوونەتە پاڵ گەندەڵکاران و لەمەودوا بایکۆتی هەموویان بکەن."
 
ئەو دوو بەربژێرەی سەدر باسی کردوون، لە  لە سنووری پارێزگای زیقارن، یەکێکیان حوسێن سنێد، بەربژێری لیستی سادیقوون-ـە، کە باڵی سیاسیی بزوتنەوەى عەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، ئەوى دیکەیان ناوى وەلید زرگانی-یە کە بووەتە بەربژێرى لیستى دەوڵەتى یاسا بە سەرۆکایەتیى نوورى مالیکى. 
 
ئەمە دووەم کاروانی لایەنگرانی رەوتی نیشتمانیی شیعەیە کە بەهۆی خۆبەربژێرکردنیانەوە دوور دەخرێنەوە، دوای ئەوەی لە 13ی تەممووزی 2025 ئەو رەوتە بە فەرمانی موقتەدا سەدر 31 بەربژێری دیکەی بە هەمان پاساو دوورخستەوە.
 
پێشتر لە 4ی تەممووز، موقتەدا سەدر بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە و بەشداریکردنی بەستەوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت.
 
ئەمە دووەم هەڵبژاردنە لەدوای 2021ـەوە کە رەوتی نیشتمانیی شیعە بایکۆتی دەکات، دوای ئەوەی بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2023 نەکرد.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمى ئەم ساڵ دەکرێت و ئێستا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە قۆناغی وردبینیکردن و لێکۆڵینەوەدایە لە دۆسیەی بەربژێران بۆ ئەو هەڵبژاردنە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشێک لەو مۆرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە

لە دەروازەیەکی عێراقدا دەست بەسەر 240 مۆری ناوی دەرماندا گیرا

لە دەروازەی سنووریی ترێبلی عێراق دەست بەسەر 240 مۆری ناوی دەرماندا گیرا، کە هەوڵ دەدرا لە رێگەیانەوە دەرمانی بەرهەمهێندراوی نێوخۆیی بکرێتە دەرمانی براندی جیهانی