رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای هاوکاری و پاڵپشتیی ئاوارەکان لە عێراق، تاوتوێی بیرۆکەیەک دەکات کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دۆسیەی ئاوارەکان لە عێراق دابخرێت.
تاوتوێکردنی ئەو پرسە لە کۆبوونەوەیەکدا بووە کە لیژنەکە رۆژی چوارشەممە، 20ى ئابی 2025 لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کردی. عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەو بیرۆکەیە کراوە کە کاری لەسەر بکرێت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو لیژنانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکهێنراون، تاوەکو کۆتاییی ئەم ساڵ دۆسیەی ئاوارەکان لە عێراق دابخرێت."
بیرۆکەکە ئەوەیە، ئەو خێزانانەی لە کەمپەکاندان و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ نایانەوێت بگەڕێنەوە، وەک دانیشتووی ئەو پارێزگایە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت کە تێیدا نیشتەجێن و وەک ئاوارە هەژمار نەکرێن.
عەلی جەهانگیر، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی باڵای هاوکاری و پاڵپشتیی ئاوارەکانە لە عێراق رایگەیاند، تاوتوێکردنی ئەو بیرۆکەیە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان، کە دەبوو پێشتر دابخرایە.
لە کارنامەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، کە لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022 لە پەرلەمان متمانەی وەرگرت، دەبوو لە ماوەی شەش مانگدا دوای پێکهێنانی حکومەت، ئاوارەکان بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، 22 کەمپی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماون، کە نزیکەی 18 هەزار خێزانی ئاوارەیان تێدایە.
پێنجشەممە 21ى ئابى 2025، وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیژنەى باڵاى هاوکاری و پاڵپشتیی ئاوارەکان لە عێراق تۆمەتبار کرد بەوەى بە سەرپەرشتی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، دەستی داوەتە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەی پێکهاتەکانی کریستیان و ئێزدی، کە خەڵکە رەسەنەکەی بە ناچاری لە کەمپەکان دەژین.
لە راگەیێنراوەکەدا، وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت: "تاوەکو ئێستا 18 کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستانن و زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە نەیاتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چاوەڕێی دۆخێکی ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە، لە بری پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینە خۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لیژنەی باڵای فریاگوزاری کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بکەن و بێ لێکۆڵینەوە و راوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە".
وەزارەتى ناوخۆی هەرێمی کوردستان، داوایکردووە حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران رابگرێت و جێبەجێ نەکرێت و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ راگرتنی ئەو بڕیارانە و پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ