کۆبوونەوەى پەرلەمانی عێراق نەکرا و دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکەوێتە دوو هەفتەى دیکە

21-09-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆبوونەوەى ئەمڕۆی پەرلەمانى عێراق نەکرا و یەکلاییکردنەوەى دەنگدان بە پڕۆژە یاساى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دەکەوێتە دانیشتنەکانى داهاتوو.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ى ئەیلوولى 2023، کۆبونەوەى پەرلەمانى عێراق نەکرا، ئەوەش بەهۆى ئامادەنەبوونى ژمارەى پێویستى پەرلەمانتاران.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "کۆبوونەوەى پەرلەمان نەکرا و بەهۆى دانەنانى بڕگەى دەنگدان بە پڕۆژەیاساى بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئامادە نەبوون بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن".
 
ئەمە سێیەم جارە لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەى پەرلەمان دوابخرێت و هۆکارى سەرەکیش ئامادەنەبوونى بەشێک لە پەرلەمانتارانى عەرەبە بە دەنگدان بە پڕۆژەیاساى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە.
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، چرۆ حەمەشەریف، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "هەفتەى داهاتوو کۆبوونەوەى پەرلەمان نییە و هەفتەی دواتر کۆبوونەوە دەکرێت. ئەو بڕگەیەى کە تایبەتە بە دەنگدان بە پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دەکەوێتە دانیشتنەکانی ئەو هەفتەیەوە".
 
یەکێک لە بەربەستەکانى بەردەم دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە ئەوەیە کە هەندێک لە پەرلەمانتارانى عەرەب داوا دەکەن چەند قەزایەکى دیکە بکرێنە پارێزگا، لەوانە: تەلەعفەر لە سنوورى نەینەوا، خورماتوو لە سنوورى سەڵاحەدین، زوبێر لە سنوورى بەسرە و فەللوجە لە سنوورى ئەنبار.
 
رۆژی 18ـی ئەیلوول، بڕگەى دەنگدان بە پڕۆژەیاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە لە خشتەى کۆبوونەوەکە لادرا. بڕگەکە بۆ کۆبوونەوەى 19ـی ئەیلوول دانەنرایەوە، بەو هۆیەوە کۆبوونەوەکە بۆ 21ـی ئەیلوول دواخرا.
 
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەر جارە و بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت. 
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ. 
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."