٪25ی فەرمانبەرانی عێراق لە وەزارەتی پەروەردەن

21-09-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بە بێ خانەنشینان، ژمارەى فەرمانبەرانى عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجەى گشتیی عێراق، زیاتر لە چوار ملیۆن کەسە. چواریەکى فەرمانبەرانی عێراق لە کەرتی پەروەردەدا خزمەت دەکەن. حەشدی شەعبی لە پلەی پێنجەمی ئەو وەزارەت و دەستانەدایە کە زۆرترین چەکدار و کارمەندی هەیە. لە شەش هەزار فەرمانبەرى پلەباڵاش تەنیا 57یان لە هەرێمی کوردستانن.
 
خشتەیەکى رەنگ سوور، هاوپێچى یاساى بودجەى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2023 کراوە کە بە خشتەی (ج) ناسراوە و تایبەتە بە ژمارەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق. بەپێی خشتەکە، فەرمانبەران 10٪ی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
 
ژمارەی فەرمانبەرانى عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە بەگوێرەی خشتەکە چوار ملیۆن و 74 هەزار و 697 کەسە، کە لە دە پلە و دوو پلە باڵای (ا) و (ب)  پێکدێن.
 
زۆرترین فەرمانبەر لە وەزارەتى پەروەردەی عێراقن کە 963 هەزار و 949 فەرمانبەرن؛ دواتر وەزارەتى ناوخۆ دێت کە 704 هەزار و 446 فەرمانبەرى هەیە؛ وەزارەتى بەرگرى لەپلەى سێیەمدایە بە  453 هەزار و 951 فەرمانبەر؛ وەزارەتى تەندروستى لە پلەى چوارەمدایە بە 488 هەزار و 550 فەرمانبەر؛ دەستەى حەشدی شەعبیش کە 238 هەزار و 75 کارمەندى هەیە، لە پلەی پێنجەم دێت.
 
ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەو خشتەیەدا بە 658 هەزار و 189 کەس دیاریکراوە؛ ئەو ئامارە لە ساڵی 2013 لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە رادەستی بەغدا کراوە و نوێ نەکراوەتەوە. بەڵام ئاماری راستەقینەی فەرمانبەران زۆر جیاوازە. 
 
جەمال کۆچەر، کە دوو خوولە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەی فەرمانبەرانی فەرمیی دەوڵەت و مووچەخۆران جیاوازە. زیاتر لە 4 ملیۆن و 74 هەزار فەرمانبەری فەرمی لە عێراقدا هەن و دەوام دەکەن، بەڵام بەگشتی ئێستا نزیکەی 9 ملیۆن مووچەخۆر لە عێراق هەن. ئەوانە بە شێوەی جیاجیا مووچە وەردەگرن، وەکو خانەنشین، شەهیدان، چاودێریی کۆمەڵایەتی، شوێنبزبووان و زیندانی سیاسی".
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژی پێنجشەممە، 21-9-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو ژمارەیەى فەرمانبەرانى نێو بودجە بەبێ خانەنشینانە، بەو پێیەى لە خشتەى جیمدا تەنیا ئەو فەرمانبەرانە دانراون کە لە خزمەتدان، لەکاتێکدا مووچەى خانەنشیان پارەکەیان جێگیرە".
 
بەگوێرەى ئامارەکانى دەستەى گشتیی خانەنشینانى عێراق، ژمارەى خانەنشینان لەعێراق زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار خانەنشینە.
 
لەو ژمارەیەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کە لە خشتەکەدا هەیە تەنیا دوو فەرمانبەرى پلە باڵاى جۆرى ئەلفى تێدایە، لەگەڵ 55 پلە باڵاى جۆرى ب. زۆرترین فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەو خشتەیەدا لە پلەى هەشتدان کە پێنج هەزار و 808 فەرمانبەرن.
 
نەرمین مەعرووف دەڵێت، ئەو فەرمانبەرانە بۆ خشتەکە زیاد نەکراون کە لە کاتى تاوتوێکردنى یاسای بودجەى گشتى بڕیارى دامەزراندنیان دراوە.
 
لە عێراق فەرمانبەرانی پلە باڵاى جۆرى ئەلیف ژمارەیان 770 کەسە؛ پلە باڵاى جۆرى (ب)یش پێنج هەزار و 347  فەرمانبەرن؛ زۆرترین فەرمانبەرانى عێراقیش لە پلە حەوتدان کە 789 هەزار و 542 فەرمانبەرن.
 
جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەش کرد، "250 هەزار فەرمانبەر لە عێراق هەن کە زیاتر لە دوو مووچە وەردەگرن، تەنانەت دەگاتە شەش مووچەش." پێشتر ئەحمەد مەلا تەڵال کە ماوەیەک گوتەبێژی حکومەتەکەی مستەفا کازمی بوو رایگەیاند، کەس هەیە نۆ مووچە وەردەگرێت. وەکو جەمال کۆچەر باسی دەکات، "نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەری دیکە هەن دەوام ناکەن و بندیوارن."
 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە