گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: هەرێمی کوردستان بەشێکە لە رێگەی پەرەپێدان

21-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، رۆژانە 600 بۆ 800 عومرەکار دەگەڕێندرێنەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە رێگەی پەرەپێدان.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رۆژی شەممە 21-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆسەی گەڕاندنەوەی عومرەکاران لە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو دەستیپێکردووە و تاوەکو رۆژی 24ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. رۆژانە 4-5 گەشتی ئاسمانی دەکرێن و 600-800 عومرەکار دەگەڕێندرێنەوە."
 
27 فڕۆکە لە هێڵی ئاسمانیی عێراقییە کاران. بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، "چالاکییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە زیادبووندان و مانگی رابردوو 2 هەزار و 372 گەشتی ئاسمانی کردووە، ئەوەش یەکەمجارە لە مێژوویی هێڵەکەدا ئەو ژمارە زۆرەی گەشتی ئاسمانی لە مانگێکدا بکرێن."
 
مانگی 12ـی 2015، یه‌كێتیی ئه‌ورووپا هێڵی ئاسمانیی عێراقییەی‌ خستە لیستی ره‌شی فڕۆكه‌وانیی جیهانییەوە، ئەوەش به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونی به‌ مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تیی فڕۆكه‌وانییەوە‌. 
 
مەیسەم سافی باسی هەوڵەکانی وەزارەتەکەی کرد بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانە و گوتی، ئێستا قۆناخی دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکانیان تێپەڕاندووە و چوونەتە سەر قۆناخی نەهێشتنیان بۆ ئەوەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی بتوانن سەرجەم پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لەبواری فڕۆکەوانی جێبەجێ بکەن و ئاسمانی ئەورووپای بۆ بکرێتەوە.
 
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە؛ هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە.  
 
مەیسەم سافی راشیگەیاند، جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و گفتوگۆکانیان لەگەڵ رێکخراوی ئەیاتا (یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی) بۆ کردنەوەی ئاسمانی ئەورووپا بەڕووی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەدا هەنگاوی باشی بڕیوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، گرێبەستیان لەگەڵ (یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی) کردووە بۆ وەرگرتنی بڕوانامە و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان بۆ ئەوەی سزاکان هەڵبگیرێن.
 
سەبارەت بە گفتوگۆکانی عێراق و تورکیا لەبارەی رێگەی پەرەپێدان بۆ بەستنەوەی عێراق بە ئەورووپاوە لە رێگەی تورکیاوە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، "تورکیا هاوبەشێکی ستراتیژیی رێگەی پەرەپێدانە و رێگەکە بەو وڵاتەدا تێدەپەڕێت. درێژییەکەی لە بەندەری فاو تاوەکو دەگاتە تورکیا هەزار و 200 کیلۆمەترە".
 
مەیسەم سافی راشیگەیاند، لیژنەی نێوان عێراق و تورکیا چەندین کۆبوونەوەیان کردووە و یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی چوار قۆڵی لەنێوان عێراق، ئیمارات، قەتەر و تورکیا واژۆکراوە، هەروەها ئەنجوومەنێکی وەزاری لەنێوان ئەو چوار لایەنە پێکهێنراوە لەگەڵ لیژنەی هاوئاهەنگی و جێبەجێکردن.
 
مەیسەم سافی گوتیشی، ئەنجوومەنەکە مانگی رابردوو لە تورکیا کۆبووەوە و کۆبوونەوەی داهاتووش لە یەکی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ لە بەغدا دەکرێت و تێیدا گفتوگۆی زیاتر لەبارەی رێگەی پەرەپێدان دەکرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، تورکیا زۆر گەشبینە بەم پرۆژەیە و وەزیری گواستنەوەی تورکیا رایگەیاندووە، پرۆژەکە لە بەندەری فاو دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە لەندەن و  ئەم پڕۆژەیە "دەبێتە سەنتەری ئابووری بۆ عێراق و جیهان. عێراق بازنەی بەیەکگەیاندنی ئاسیا و ئەفریقا دەبێت لە رێگەی عێراقەوە بازرگانی لەنێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵات دەکرێت."
 
سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پەرەپێدان و ئەو پرسیارەی کە ئایا رێگەکە بە هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت؟ گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بەشێکە لە پڕۆژەکە و پێکهێنانی پڕۆژەکە. رێگەکە بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت و ئەو پارێزگاکانەشی رێگەکە پێیان تێنەپەڕێت، بەشێوەیەکی لاوەکی بە هێڵەکەوە گرێ دەدرێن."
 
مەیسەم سافی دەشڵێت، "کۆمپانیایەکی راوێژکاری ئیتاڵی بنەماسەرەکییەکانی رێگەی پرۆژەکەی داناوە، رێچکەی رێگەکە دیاریکراوە، هەموو پارێزگاکان لەو رێگەیە سوومەند دەبن بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە. هێڵەکە لە پێشابوورەوە بە تورکیاوە دەبەستێرێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی هاوپەیمانی دەوڵەت لە بەغدا.

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی دۆخی سووریا دەستپێشخەرییەک رادەگەیێنێت

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دڵنیایی دەداتە خەڵکی عێراق لەبارەی دۆخی ئەمنیی وڵاتەکە، هەروەها دەستپێشخەرییەکی عێراقییانەش رادەگەیێنێت بۆ ئەوەی وڵاتانی دراوسێی و پەیوەندیدار بە دۆخی سووریا "بەپەلە لە بەغدا کۆببنەوە."