رووداو دیجیتاڵ
دەرگای قوتابخانەکان لە عێراق بەڕووی قوتابیاندا دەکرێتەوە. ئەم ساڵ یەک ملیۆن و 200 هەزار قوتابی پۆلی یەکی سەرەتایی دەست بە خوێندن دەکەن، بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی 100 هەزار قوتابی زیادیان کردووە.
نەجوا حەمید، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە 21-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەم ساڵ لە سەرتاسەری عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار قوتابی پۆلی یەکی سەرەتایی دەست بە خوێندن دەکەن.
هاوکات کەریم سەیید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروردەی عێراق رایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە زیادبووندایە و ساڵی رابردوو ملیۆنێک و 100 هەزار قوتابی پۆلی یەکی سەرەتایی چوونە خوێندن. بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەم ساڵ 100 هەزار قوتابی قۆناخی یەکەمی سەرەتایی زیادی کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروردەی عێراق گوتی، هەموو ئامادەکارییەک کراوە کە سبەی یەکشەممە دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە و زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی لە قۆناخە جیاوازەکان ( سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی) بچنە قوتابخانە.
رۆژی 15ی ئەیلوول، مامۆستایان بۆ ساڵی نوێی خوێندن (2024-2025) لە قوتابخانەکانی عێراق دەستبەکاربوونەوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەی سبەی یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێبدرێت .
لە هەرێمی کوردستان رۆژی 25ی ئەم مانگە خوێندنی ساڵی 2024-2025 لە وەزارەتی پەروەردە دەست پێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ