عێراق بە بەشداریی هەرێمی کوردستان پلانی 5 ساڵەی سیاسەتی کواڵیتی دادەڕێژێت

21-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ داڕشتنی پلانی 5 ساڵەی سیاسەتی کواڵیتی، ئەوەش لە رێگەی کۆبوونەوەیەکی نیشتمانیی بەرفراوانەوە. وەزارەتەکە دەڵێت، هەرێمی کوردستانیش بەشداری دەکات و مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی ئەیلوولی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، وەک هەنگاوێکی بنچینەیی بۆ بەهێزکردنی گەشەپێدانی بەردەوام و بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی لە کەرتە جیاوازەکاندا دەستیان بە ئامادەکاری بۆ بەرێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی نیشتمانیی بەرفراوان کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەی "پێشخستنی کواڵیتی" بە فەرمی رادەگەیێندرێت، کە دەبێتە بناخەی جێبەجێکردنی سیاسەتی نیشتمانیی کواڵیتی و تێیدا دەستەی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستانیش بەشداری دەکات.
 
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی د. محەممەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانان و بە بەشداریی نوێنەرانی کەرتی گشتی و تایبەت بەڕێوەدەچێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەی پێشخستنی کواڵیتی تەنیا بژاردەیەک نییە، بەڵکو پێویستییەکی سەرەکییە بۆ بەدیهێنانی "دیدگەی عێراق 2030" و دڵنیابوونەوە لە پێشکێشکردنی بەرهەم و خزمەتگوزاریی کواڵیتی بەرز بە هاووڵاتییانی عێراق.
 
کۆبوونەوەکە چەندین بەرنامە و دەستپێشخەریی ستراتیژی لەخۆدەگرێ، دیارترینیان بریتین لە:
 
- دامەزراندنی لیژنەیەکی نیشتمانیی هەمیشەیی تایبەت بە کواڵیتی: ئەم دەستەیە تایبەت دەبێ بە سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی سیاسەتی نیشتمانیی کواڵیتی، هەروەها دەسەڵاتی پێداچوونەوە بە کارایی دامەزراوەکان و پێشکێشکردنی راسپاردەی پێویستی دەبێت.
 
- راگەیاندنی پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵی بۆ بەڕێوەبردنی کواڵیتی: ئەم پلاتفۆرمە بریتی دەبێ لە سیستمێکی ئەلیکترۆنیی یەکگرتوو تایبەت بە ستانداردەکانی کواڵیتی لە دامەزراوە حکومییەکان.
 
- دەستپێکردنی بەرنامەیەکی راهێنانی تایبەت لە بواری کواڵیتیی گشتگیر: ئەم بەرنامەیە بە هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکان بەڕێوەدەچێ و ئامانج لێی پەرەپێدانی توانا مرۆییەکانە بۆ جێبەجێکردنی ستانداردەکانی رێخراوی ستاندەردی نێودەوڵەتی ناسراو بە ISO  بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لە گەشەپێدانی بەردەوام.
 
- دەرکردنی رێبەری نیشتمانی بۆ ستانداردەکانی کواڵیتی: ئەو رێبەرە بەڵگەنامەیەکی فەرمیی یەکگرتوو دەبێ کە بۆ هەموو دامەزراوەکان پەسند دەکرێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە یەکگرتوویی و شەفافیەت لە کار و بەرهەمەکان.
 
- بەرنامەی هاندانی دامەزراوە پێشەنگەکان: ئەم بەرنامەیە بریتی دەبێ لە پێشکێشکردنی خەڵات و بڕوانامەی رێزلێنان بەو دامەزراوانەی پابەندی ستانداردەکانی کواڵیتی دەبن، ئەوەش بە مەبەستی بەهێزکردنی کێبڕکێ و پەیڕەوکردنی باشترین رێکارەکان.
 
- هەڵمەتێکی هۆشیاریی نیشتمانیی گشتگیر: ئەم هەڵمەتە بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری کواڵیتی لە رێگەی میدیا جیاوازەکان، وۆرکشۆپ و سەمیناری هۆشیارکردنەوە لە پارێزگا جیاوازەکان دەبێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا رۆژی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، بەڵام مانگی داهاتوو دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە