رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا رایدەگەیێنێت، بکوژی سەفا مەشهەدانی ناسراوەتەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنەکەش دەڵێ: "لە 48 کاژێری داهاتوودا بکوژی سەفا مەشهەدانی ئاشکرا دەکرێت".
عامر داود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا رۆژی دووشەممە 20-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بکوژی سەفا مەشهەدانی ناسراوەتەوە، رێکارەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوامە، بەم نزیکانە لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان ئەنجامی لێکۆڵینەوە رادەگەیێنێنن".
لەبارەی ناسنامەی بکوژ، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەڵێ: "بابەتەکە رەهەندێکی سیاسی و ئەمنیی وەرگرتووە، بۆیە ئاشکراکردنی تاوانباران دەبێتە هۆی سەرلێشێواندن بۆ دادگەی لێکۆڵینەوە و رەنگە بۆ مەبەستی دیاریکراو بقۆزرێتەوە، بۆیە چەند رۆژێکی دیکەش چاوەڕێ دەکەین تاوەکو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامەکان رادەگەیێنن."
سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەریی، بەرەبەیانی رۆژی 15ـی 10ـی 2025، لە ناوچەی تارمییەی باکووری بەغدا، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
عەممار حەمدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا رایگەیاند، "لە 48 کاژێری داهاتوودا بکوژی سەفا مەشهەدانی رادەگەیێنرێت"، حەمدانی هیچ روونکردنەوە و وردەکاری دیکەی باس نەکردووە.
سەفا حوسێن یاسین عەبدوڵڵا مەشهەدانی، بەربژێری ژمارە 26 بوو لە لیستی هاوپەیمانیی سەروەری کە هاوپەیمانییەکی سوننەکانە و خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات.
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ى تشرینى دووەمى 2025 دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ