رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق میوانداریی پارێزگارى بانکى ناوەندى دەکات بۆ تاوتوێکردنى مامەڵەى بازرگانی بە دراوى یۆرۆ، یوانى چینى، لیرەى تورکى، درهەمى ئیماراتى و روپیەى هیندى، کە بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەکە، "ئەو مامەڵەیە پێویستى بە رێککەوتنە لەگەڵ ئەو وڵاتانە."
نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕیارە لیژنەکەیان میوانداریی پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق بکات بۆ تاوتوێکردنى پرسی کردنەوەى هەژمارى بانکى تایبەت بە دراوە بیانیەکانى یۆرۆ، یوانى چینى، روپیەى هیندى، ریاڵى ئیماراتى و لیرەى تورکی و زانینى وردەکاریی ئەو هەنگاوە.
لە 25ى ئەیلوولی 2023، عەلى عەللاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق رایگەیاند، کار لەسەر ئەوە دەکەن حەواڵەى دەرەکى بە دراوى جیاواز بکەن لەوانە یۆرۆ، درهەمى ئیماراتى، لیرەى تورکیى و روپیەى هیندى.
قەبارەى مامەڵەى بازرگانیى نێوان عێراق و چین لە ساڵێکدا زیاتر لە 53 ملیار دۆلارە، هەمان قەبارەى مامەڵە لەگەڵ ئیمارات 16 ملیار دۆلار و لەگەڵ تورکیا زیاتر لە 15 ملیار دۆلارە.
نەرمین مەعرووف ئاماژەى بەوەشدا، مامەڵەکردنى بازرگانى دەرەکى بەو دراوانە پێویستى بە رێککەوتن هەیە لەگەڵ ئەو وڵاتانەى کە هەژمارى بانکى تایبەت بە دراوەکانیان لە بانکى ناوەندى دەکرێتەوە، ئەوەش یەکێکى دیکە دەبێت لەو پرسانەى لەگەڵ پارێزگاى بانکى ناوەندى لە لێژنەى دارایی گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن.
ئێستا بانکى ناوەندى لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنى و بەگوێرەى چەند رێکارێک، دۆلار بە نرخى کەمتر لە بازاڕ دەفرۆشێت بە بازرگانان بۆ هاوردەکردن، بەڵام بەهۆى مەرجەکانى بانکى فیدراڵى ئەمەریکا، فرۆشتنى دۆلار بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن بانکى ناوەندى عێراقەوە ئەستەم بووە، بۆیە پەنا دەباتە بەر دراوى دیکە بۆ مامەڵەى بازرگانى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ