نزیکەی نیوەی وەزیرەکانی عێراق لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دەرچوون

21-11-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆی 23 وەزیری حکومەتی ئێستای عێراق، 13یان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردبوو، 10یان سەرکەوتنیان مسۆگەر کرد و سیانیان شکستیان هێناوە.
 
زۆرترین دەنگ کە وەزیرێکی بەربژێر لە هەڵبژاردنی 11ى تشرینی دووەمى 2025 بەدەستیهێنابێت محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان بوو، کە زیاتر لە 37 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، کەمترین دەنگیش لەنێو وەزیرە سەرکەوتووەکان عەباس عەلیاوی، وەزیری کشتوکاڵ ‌هێناویەتی، کە 6175 دەنگ بووە.
 
زیاد عەلی فازل، وەزیری کارەبا بەربژێری لیستی دەوڵەتی یاسا بوو لە بازنەى بەسرە و زۆرترین دەنگی لیستەکەی بەدەستهێنا، یەکێک بوو لەو دوو کورسییەى لیستەکە لەو بازنەیە بەدەستیهێنابوو.
 
لیستی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی محەممەد شیاع سوودانی لە بەغدا، دوو لە وەزیرەکانی حکومەتەکەى بەربژێر کردبوو، کە ئەوانیش  ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هیام یاسری، وەزیری پەیوەندییەکان بوو، کە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
 
نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە بازنەی بەغدا سەرکەوت کە بەربژێر بوو لە لیستی بزووتنەوەی سادیقوون، باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلى هەق.
 
هەر لە بازنەی بەغدا، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، بەربژێری کۆتای کریستیانەکان بوو، کە توانی سەرکەوتن مسۆگەر بکات.
 
سابت عەباسی، سەرلیستی حەسم بوو لە نەینەوا و بووە یەکێک لەو دوو بەربژێرەی لیستەکەى کە لەو پارێزگایە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
 
رەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوەی عێراق یەکێکی دیکە لە بەربژێرە سەرکەوتووەکان، کە لە لیستی رێکخراوی بەدر بوو لە پارێزگای زیقار.
 
لە بازنەی نەجەف، عەباس عەلیاوی، وەزیری کشتوکاڵ لە لیستی دەوڵەتی یاسا بەربژێر بوو، یەکێک بوو لەو دوو بەربژێرەی لیستەکەى لەو پارێزگایە سەرکەوتنیان مسۆگەر کرد.
 
ئیبراهیم جبوورى، وەزیری پەروەردەی عێراق، تەنیا بەربژێری براوەی لیستی تەفەوق بوو لە پارێزگای سەلاحەدین.
 
سێ وەزیری دیکە کە بەربژێر بوون نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن، کە ئەوانیش ئەحمەد موبەڕمەق، وەزیری وەرزش و لاوان، بەربژێر لە لیستی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا و حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت کە بەربژێر بوو لە لیستی دەوڵەتی یاسا لە بەسرە، ئەحمەد فەکاک، وەزیری رۆشنبیری کە لە لیستی تەقەدوم لە نەینەوا بەربژێر بوو.
 
ئەو وەزیرانەی سەرکەوتن:
 
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی؛ 14294 دەنگ
هیام یاسری، وەزیری پەیوەندییەکان؛ 10273 دەنگ
زیاد عەلی فازیل، وەزیری کارەبا؛ 17790 دەنگ
نەعیم عەبودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: 8814 دەنگ
رەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوە؛ 9364 دەنگ
ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران: 13137 دەنگ
عەباس عەلیاوی، وەزیری کشتوکاڵ: 6175 دەنگ
ئیبراهیم جبوورى، وەزیری پەروەردە: 9120 دەنگ
سابت عەباسی، وەزیری بەرگری؛ 19971 دەنگ
محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان؛ 37165 دەنگ
 
ئەو وەزیرانەی دەرنەچوون:
 
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت: 6358 دەنگ
ئەحمەد فەکاک، وەزیری رۆشنبیری: 7219 دەنگ
ئەحمەد موبەرقەع، وەزیری وەرزش و لاوان: 4653 دەنگ
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە