رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی نووری مالیکی دەڵێت، سبەی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەگاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی هیشام روکابی، راوێژکاری نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە سبەی بەیانی، نووری مالیکی بگاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببێتەوە."
روکابی گوتی، "ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق."
راوێژکارەکەی مالیکی گوتی، چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی ئەو پرسەدا باس لە سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان، کۆمار و سەرۆکوەزیران بکرێت.
دوێنێ پێنجشەممەش بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی نووری مالیکی بۆ هەرێمی کوردستان پشتڕاست کردەوە و گوتی، "رۆژی شەممە دەگاتە هەولێر."
شەوی 17ی تشرینی دووەمی 2025 چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و گەورەترین فراکسیۆنی لە پەرلەمان راگەیاند. چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری پێکهێنانی دوو لیژنەیشی دا. یەکەم، بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران. دووەم، بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنەیشدا وەک هێزی یەکەمی باشووری کوردستان مایەوە و زیاتر لە 1 ملیۆن دەنگ و27 کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ