رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقی رایگەیاند، بۆ یەکەمجار بارێکى 10 ملیۆن لیترى گازوایلی لە بەسرەوە بە کەشتى رەوانەى شارى غەززەى فەلەستین کردووە و ماوەى 11 رۆژى دیکە دەگات.
21ى کانوونى یەکەمى 2023، غەسان سوینى، بەرپرسی راگەیاندنى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى بە تۆڕى میدیایی روواوى رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکەم بارى گازوایل لە بەندەرى فاوى شارى بەسرەوە رەوانەى شارى غەززەى فەلەستین کراوە بۆ ئەوەى لە کارکردنى موەلیدەى کارەباى نەخۆشخانەکانى شارى غەززە بەکاربهێندرێت.
غەسان سوینى ئاماژەى بەوەشدا کە "ئەو بڕە گازوایلە هاوکاریی حکومەتى عێراقە و بە کەشتییەکى عێراقى رەوانە کراوە و ماوەى 11 رۆژى دیکە دەگاتە بەندەرى سوێسى میسر و لە رێگەى هەردوو کۆمەڵەى مانگى سوورى میسرى و فەلەستینیەوە دەگەیێندرێتە شارى غەززە."
لە 7ى تشرینى یەکەمى 2023، شەڕ لە نێوان سوپاى ئیسرائیل و گروپە چەکدارەکانى فەلەستین دەستیپێکرد، لەو کاتەوە بە گوتەی تەندروستی کەرتی غەززە، لەنێو ئەو کەرتەدا زیاتر لە 20 هەزار کەس کوژراون و 52 هەزار و 586 کەسى دیکە بریندار بوون.
کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى کۆمەڵەیەکى خێرخوازیى سەربەخۆیە و لە ساڵى 1932 دامەزراوە و بارەگاکەى لە بەغدایە.
مانگى تشرینى دووەمى رابردوو، کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى پێشنیازى کرد هەندێک لە نەخۆش و بریندارانى شارى غەززەى فەلەستین بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانى عێراق بە مەبەستى وەرگرتنى چارەسەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ