ئەو پەرلەمانتارەی واشنتن سزای دا: کاتی نەهاتووە بە چەکی بەهێزتر لە ئەمریکا بدرێت؟

22-01-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی لەلایەن ئەمریکاوە خرایە نێو لیستی سزادان، پەرلەمانتارێکی عێراقی باسی پەلاماردانی واشنتن دەکات بە چەکی قورستر و بەهێزتر.
 
حوسێن موئنیس، ئەو پەرلەمانتارەیە کە لە هەمانکاتدا ئەندامی لیژنەی داراییە و یەکێکە لە سەرکردەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق. ئەو یەکەم کاردانەوەی خۆی لە ئێکس پێشاندا.
 
حوسێن موئنیس نووسیویەتی، "ئایا کاتی ئەوەنییە بە چەکی مەترسیدار و بەهێزتر لە قەوارەی زایۆنی و ئەمریکا بدرێت؟ کاتی رزگاربوونی گەلانی بەرگریکار نییە لەژێر هەژموونی دۆلار؟ دۆلار قامچی ئەمریکایە کە بەهۆیەوە لە نەتەوە و گەلانی ئازاد دەدات. کەڵبەی گرتووە و خوێنی گەلانی لاواز دەمژێت. بە ئازایانەوە رووی دەمم لە هەموو گەلانی قارەمان دەکەم".
 
حوسێن موئنیس هەروەها سەرۆکی بزووتنەوەی حقوقە لە عێراق.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جگە لەم پەرلەمانتارە، ژمارەیەکی دیکە لە سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و کۆمپانیای فلای بەغدای خستە لیستی سزاکانی.
  
وەکو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، "سزاکان پەیوەستن بەو هەڕەشانەی کە فەیلەقی قوودس و گرووپەکانی نزیکی بۆ سەر سەربازان و کارمەندانی ئەمریکا لە ناوچەکە دروستیدەکەن".
 
بڕایان نیلسن، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و دارایی هەواڵگری، دەڵێت، "ئێران و گرووپەکانی نزیکی هەوڵیانداوە لە رێگەی بازرگانیکردنەوە، ئابووریی ناوچەکە پێشێل بکەن و هاوکاری دارایی بۆ رێکخستنی هێرشەکانیان دابین بکەن".
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە تێکدانی چالاکییە نایاساییەکانی ئێران کە ئامانج لێی دروستکردنی ناسەقامگیرییە لە ناوچەکە".
 
سەبارەت بە سزادانی کۆمپانیای فلای بەغدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، "فلای بەغدا بۆ چەندین ساڵە پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی فەیلەقی قوودس و گرووپەکانی نزیکی کردووە. فلای بەغدا چەک و تەقەمەنی و خەڵکی لەناوچەکە گواستووەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق بۆ ئەندامانی فەیلەقی قوودس و گرووپەکانی نزیکیان لە عێراق و سووریا، لەنێویشیان سوپای سووریا و لوبنان بەتایبەت حیزبوڵڵای لوبنان". 
 
بەگوتەی ئەو وەزارەتە بێت، فلای بەغدا چەک و تەقەمەنی بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق گواستووەتەوە تاوەکو بیگەیێنێتە فەیلەقی قوودس و گرووپەکانی نزیکی.
 
حوسێن موئنیس کێیە؟
 
حوسێن موئنیس فەرەج محەممەداوی
سەرۆکی بزووتنەوەی حقوقە 
دوو بەکالۆریۆسی هەیە 
یەکێكیان لە کارەبا و ئەوی دیکەیان لە یاسا 
عەرەبی و ئینگلیزی دەزانێت
بەشداری راپەڕینی 1991ـی کردووە
 لە 1992 دەستگیرکراوە 
لە 1999 دەستگیرکراوەتەوە
 پێش رووخانی رژێم ئازادکرا
 یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا 
لە دژی ئەمریکییەکان شەڕی کردووە 
 لە 2008 لەلایەن ئەمریکاوە دەستگیرکرا
  2012 ئازادکرا
 
چەند پۆستێکی لەنێو کەتیبەکانی حیزبوڵڵادا هەبووە لەوانە:
 
ئەندامی شوورا
 بەڕێوەبردنی دۆسیەی مەدەنی
 بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان
بەرپرسی ئیدارەی فەرمانگەی یاسایی
یەکێکە لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی
 لە 2021 بزووتنەوەی حقوقی دامەزراند  
سەرۆکی بزووتنەوەی حقوقە
ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە 
ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و باوکی سێ منداڵە

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە