لە دادگەی فیدراڵی سکاڵایەکی پەیوەست بە هێنانی ژنی دووەم لە هەرێمى کوردستان تۆمار دەکرێت

22-03-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزەرێک لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، سکاڵایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەى چەند مەرجێک بۆ هێنانى ژنی دووەم لە هەرێمى کوردستان تۆمار دەکات کە بەپێی یاساکە سەرپیێچیکردنی مەرجەکان سزاکەی بەندکردن و پێبژاردنە.
 
شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لە سکاڵایەک ئاگاداریان کردوونەتەوەکە لە دژى هەموارێکى یاسای بارى کەسێتى لەلایەن پەرلەمانی کوردستان، تۆمار کراوە.
 
سکاڵاکە لە 17ى ئادارى 2024 تۆمار کراوە و بۆ رۆژى دواتر دادگەى فیدراڵى داواى لە نوێنەرى یاسایی پەرلەمانى کوردستان کردووە کە وەڵامى نووسراوى خۆى بۆ ئەو سکاڵایە ئامادە بکات. 
 
ئەو سکاڵایە لەلایەن پارێزەر بەرهەم رەئوف عەلى، لە دژی سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کراوە، لە سکاڵاکەدا داوا دەکات هەموارێکى یاساى بارى کەسێتى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە، کە لە ساڵى 2008 کراوە و تایبەتە بە فرە ژنى. 
 
بەگوێرەى ئەو هەموارە حەوت مەرج دیاریکراوە بۆ ئەوەى کەسێک بتوانێت ژنی دووەم بهێنێت ئەگەرنا سزا دەردێت بە بەندکردن بۆ ماوەى ساڵێک بەبێ ئەوەى دادوەر بتواێنێت جێبەجێکردنى سزاکە رابگرێت و 10 ملیۆن دیناریش سزاى پێبژاردن دەدرێت. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە ئەو مەرج و سزایانە لە یاسای بارى کەسێتى ژمار 188ى ساڵى 1959دا نەبووە، کە لە عێراق کارى پێدەکرێت. 
 
بەرهەم رەئووف عەلى، بە تۆڕى میدیایی روورداوى راگەیاند، مەبەستى لە پێشکێشکردنى ئەو سکاڵایە، "راستکردنەوەى"، پرسە یاساییەکەیە. 
 
بەرهەم رەئووف گوتی، سکاڵاکەى لەسەر ئەو بنەمایەیە کە لەدژى دەستوورى عێراقە و لەو دەستوورەدا هاتووە نابێت هیچ یاسایەک دەربچوێندرێت، کە پێچەوانەى بنەماکانى ئایینى ئیسلام بێت.
 
بەگوێرەى مادەى 7ى یاساى بارى کەسێتى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق کارى پێدەکرێت تەنیا دوو مەرج هەیە بۆ ئەوەى ژنی دووەم بهێنێت کە بریتین لەوەی گەیشتبێتە تەمەنى 18 ساڵى و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات.
 
پێشتر لە 30ى تشرینى دووەمى 2022 دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەى مادەى 18ی یاسای هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى و بە "نادەستووری" زانیوە. لە مادە هەموارکراوەدا هاتووە: "ئەگەر مێرد ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى جیابوونەوەى دەبێت."
 
بەگوێرەى بڕگەى پێنجى مادەى 40ـی یاسای بارى کەسێتیى عێراقى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق کارى پێدەکرێت، ئەگەر پیاوێک بەبێ رەزامەندى دادگە ژنێکی دیکە بهێنێت، هاوژینى یەکەم بۆى نییە سکاڵاى یاسایی پێشکێش بکات، بەڵام پەرلەمانى کوردستان یاساکەی هەموارکردووەتەوە و ئەو بڕگەیەی لاداوە.
 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە