گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بۆ رووداو: رەشنووسی یاداشتێک لە بارەى ئاو لەگەڵ تورکیا ئامادەکراوە

22-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رەشنووسی یاداشتێکى لێکتێگەیشتن لەنێوان عێراق و تورکیا ئامادە کراوە بۆ واژۆکردن لەپێناو "گەرەنتیکردنى پشکى ئاو"ی عێراق. بە گوتەى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق، سەردانى سەرۆککۆمارى توركیا وادەکات بگەنە داڕشتەى کۆتایی رەشنووسەکە.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ یەکەمجار لەدواى 13 ساڵ سەردانى عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانى باڵا لە بەغدا دەستی بە کۆبوونەوە کرد.
 
عەلى رازى، گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لەو سەردانەدا ئاو گرنگترین دۆسیە دەبێت."
 
پشکى عێراق لە ئاوى هەردوو رووبارى دیجلە و فورات بەراورد بە پێش ساڵی 2020 زیاتر لە 70% کەمی کردووە. ئاوى دوو رووبارەکە سەرچاوەى کشتوکاڵ و بژێوى ژیانى زۆرینەى شارەکانى عێراقە.
 
رێککەوتنێکى نووسراو نییە لەبارەى پشکى ئاوى عێراق لە تورکیاوە، بەڵام عەلى رازى دەڵێت، رەشنووسێکى یاداشتى لێکتێگەیشتن هەیە، بۆ ئەوەى واژۆ بکرێت و لە رێگەیەوە مافى عێراق لە ئاوى دیجلە و فورات گەرەنتی بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو سەردانە وادەکات هەردوولا بگەنە داڕشتەیەکى کۆتایی رەشنووسەکە بۆ رێککەوتن."
 
لیژنەى هاوبەشی نێوان بەغدا و ئەنقەرە پلانى زستانە و هاوینە دادەنێن بۆ دەستەبەرکردنى پشکى ئاو.
 
لەساڵانى 2009 و 2014 یاداشتى لێکتێگەیشتن لەنێوان عێراق و تورکیا واژۆ کرا، بەڵام نەگەیشتنە قۆناخى جێبەجێکردن.
 
گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاو دەڵێت،" ئەو یاداشتەی ئامادە کراوە هەندێک خاڵى تێدایە کە مافى عێراق لە پشکى ئاوەکەى روون دەکاتەوە."
 
لە سەردانەکەى سەرۆککۆمارى تورکیادا زیاتر لە 22 رێککەوتن و یاداشتى لێکتێگەیشتن واژۆ دەکرێن؛ بەشێکیان پەیوەندارن بە دۆسیەى ئاو.
 
ئێوارەی ئەمڕۆش سەرۆککۆماری تورکیا دەگاتە هەولێر و دوای پێشوازیکردنی لە ئاستێکی باڵا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.