لەتیف رەشید بۆ ئەردۆغان: رەتی دەکەینەوە لە عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ

22-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆمارەکانى تورکیا و عێراق جەخت لە چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ باشترکردنى ئاسایشى سنوور و رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییەکانى گۆڕانکاریى کەشوهەوا دەکەنەوە. ئەردۆغان دەڵێت، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیى جێبەجێکردنى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان و لە پێویستییەکانى عێراق بۆ ئاو "تێدەگەن."
 
ئەو هەڵوێستە لە راگەیێندراوێکى سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دێت لەدواى کۆبوونەوەى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوو سەرۆک جەختیان لە گرنگیى هاوئاهەنگى و کارى هاوبەش بۆ گەیشتن بە چارەسەرى گونجاوى پرسە هەڵپەسێردراوەکانى پەیوەندیدار بە ئاسایش، ئابووری و ئاو کردەوە؛ بە شێوەیەک کە لە خزمەتى هەردوو گەلى عێراق و تورکیا بێت.
 
لەتیف رەشید گوتوویەتی، عێراق رەتی دەکاتەوە خاکەکەى شوێنێک بێت بۆ ئەنجامدانی هێرش و هەڕەشە لێیەوە بۆ سەر وڵاتانى دراوسێ؛ هەروەها هەموو دەستدرێژی و پێشێلکارییەک رەت دەکاتەوە بۆسەر شارەکانى عێراق و گوتى، "پێویستە رێز لە سەروەریى عێراق و ئاسایشە نەتەوەییەکەی بگیرێت."
 
یەکەم کۆبوونەوەى ئەمڕۆى سەرۆککۆمارى تورکیا لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق بوو.
 
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندووە، حکومەتی وڵاتەکەى پاڵپشتیى عێراق دەکات لە جەنگى دژی تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییە ژینگەیی و ئابوورییەکان.
 
بەگوێرەى کارنامەى سەردانەکە، سەرۆککۆمارى تورکیا زیاتر لە 22 رێککەوتن و یاداشتى لێکتێگەیشتن واژۆ دەکات؛ بەشێکیان پەیوەندارن بە چارەسەرى دۆسیەى ئاو.
 
سەرۆککۆمارى تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەتی وڵاتەکەى لە پێویستییەکانى عێراق بۆ ئاو تێدەگات و "پەرۆشە" بۆ هاریکارى لەو بوارە لە رێگەى لیژنەى هاوبەشى نێوان هەردوو وڵات. هەروەها گوتی، "عێراق ناوەندێکى گشتگیری بازرگانییە بۆ تورکیا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە