رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق هەنگاوەکانی پەسندکردنی یاسای پێکهێنانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئاوی لە عێراق دەستپێکرد، کە نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنەکە و ئەو لیژنە دانوستانکارەش دەبێت، کە بۆ ئەو پرسە پێکدەهێنرێت.
ئەو هەنگاوەی پەرلەمانی عێراق لە رێگەی پێشنیازە یاساییەکەیەوە بووە بە ناوی "ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئاو"، کە دووشەممە 21ی نیسان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.
ئاسۆس عەلی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشنیازە یاساییەکە رەوانەی لیژنەی پەیوەندیدار کراوە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت، کە تیایدا نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
بەگوێرەی پێشنیازە یاساییەکە، ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئاو لە 14 ئەندام پێکدێت، کە یەکێکیان وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە دەکات.
ئامانج لە پێکهێنانی ئەو ئەنجوومەنە، بەگوێرەی پێشنیازە یاساکە، دانانی ستراتیژییەکی یەکخراوە بۆ پشکی ئاوی عێراق لە ئاوە هاوبەشەکان، بۆ داڕشتنی سیاسەتی نیشتمانیی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و دادوەری لە دابەشکردنیدا.
ئاسۆس عەلی رایگەیاند کە وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان تاوتوێی پێشنیازە یاساییەکە دەکەین و ئەو پێشنیازانە دەکەین کە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بێت.
لە پێشنیازە یاساکەدا هاتووە کە لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی داهاتی ئاوی ناوخۆیی دادەمەزرێت، کە بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا ئەندام دەبێت؛ هەروەها لیژنەی باڵای دانوستاندن بۆ ئاوی نێودەوڵەتیی هاوبەش پێکدەهێنرێت کە شەش ئەندامن و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا ئەندام دەبێت.
بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئاو، دەبێت پێشنیازە یاساکە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت پێش ئەوەی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ