رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی راسپارد کە لە یەک هەفتەدا سەرجەم رێکارەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل یەکلایی بکەنەوە؛ هەروەها بڕیاری دا کارئاسانی بۆ رێکارەکانی ئامادەکاری بۆ وەرزی حەج و خزمەتگوزاری بۆ حاجییان بکرێ.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا رێکارەکان لەسەر گرێبەستەکانی تایبەت بە گواستنەوەی وشکانی، نیشتەجێکردن و خواردنی حاجییان ئاسان بکرێ، تاوەکو ئامادەکارییەکان خێراتر رایی بکرێن.
هەروەها بڕیاردرا پارێزگای میسان بخرێتە نێو چوارچێوەی "سندووقی ئاوەدانکردنەوەی هەژارترین پارێزگاکان" بۆ ساڵی 2025-2026، "بە مەبەستی بەردەوامبوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنی ستراتیژیی کەمکردنەوەی هەژاری لەو پارێزگایەدا."
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی راسپارد کە "لە ماوەی هەفتەیەکدا سەرجەم رێکارەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل (کۆمپانیاکانی پەیوەندی) یەکلایی بکەنەوە و پابەندی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەت بن لەو بوارەدا."
ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر بەکارهێنانی ئەو بڕە پارەیەی کە لە بودجەی "پاڵپشتی بەپەلەی ئاسایشی خۆراک" ماوەتەوە، بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی بەڵێندەرانی پێ بدرێتەوە و پڕۆژە وەستاوەکان دەستپێبکەنەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، لە کۆبوونەوەکەدا "جەخت لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان کرایەوە، بە جۆرێک کە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ