لە عێراق 23 هەزار کەس بە لێبووردنى گشتى ئازاد کراون و 16 ملیار دیناریش گەڕێندراوەتەوە

22-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەى زیاتر لە سێ مانگدا، زیاتر لە 23 هەزار بەندکراو لە عێراق بە یاساى لێبووردنى گشتى ئازاد کراون. بڕیارەکە زیاتر لە 100 هەزار کەسى دیکەشى گرتووەتەوە، کە بە نائامادەبوون سزا دراون یان فەرمانى دەستگیرکردنیان هەبووە، زیاتر لە 16 ملیار دیناری پارەى گەندەڵییش گەڕێندراوەتەوە.
 
بەگوێرەى نوێترین ئامار کە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ى ئایارى 2025 بڵاوی کردووەتەوە، لەنێوان 1ى ئایار تاوەکو ئەمڕۆ 3839 بەندکراو بەگوێرەى هەموارى یاسای لێبووردنى گشتى ئازاد کراون، هەروەها 11524 کەسى دیکەى گرتووەتەوە کە کەفیلى تۆمەتباران بوون یان بە نائامادە دادگە بڕیارى لەسەر دەرکردوون، کە بریتین لە سزادراوان و ئەوانەى فەرمانى دەستگیرکردن و بانگکردنیان هەیە بۆ بەردەم دادگە.
 
هەر لەو ماوەیەدا و بە جێبەجێکردنى ئەو یاسایە، بڕى چوار ملیار و 712 ملیۆن 291 هەزار و 591 دینار گەڕێندراونەتەوە.
 
هەموارى دووەمى یاسایى لێبووردنى گشتى لە 21ى کانوونى دووەمى 2025 لە پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر درا و لە 17ى شوباتەوە کەوتە وارى جێبەجێکردن، چەند کەسێک دەگرێتەوە کە دادگەیی کراون و دەتوانن ئازاد ببن.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق رایگەیاندووە، بە تێکڕا ئەو کەسانەى بەگوێرەى یاساى لێبووردنى گشتى تاوەکو ئەمڕۆ ئازاد کراون، گەیشتوونەتە 23 هەزار و 220 کەس، هەروەها یاساکە 105 هەزار و 121 کەسى دیکەى گرتووتەوە کە بە نائامادە سزا دراون یان فەرمانى دەستگیرکردن و بانگکردنیان هەبووە بۆ بەردەم دادگە یان کەفیلى تۆمەتباران بوون.
 
هەروەها تێکڕاى ئەو بڕە پارەیەى لە رێگەى جێبەجێکردنى ئەو یاسایەوە گەڕێندراوەتەوە، گەیشتووەتە 16 ملیار و 635 ملیۆن و 748 هەزار 583 دینار.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە رووداوى راگەیاند، "ئەو بڕە پارەیە کە گەڕێندراوەتەوە تاوانبارانی گەندەڵی بردبوویان، یان پارەى نەختینەیان گەڕاندووەتەوە یان موڵکیان رادەست کردووەتەوە و بە پارە خەمڵێندراوە."
 
هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى ئەو کەسانەى گرتووەتەوە کە تاوانى بردنى پارە و بەفیڕۆدانى ماڵى گشتی و گەندەڵییان لەسەرە، بەو مەرجەى سەرجەم ئەو پارەیە بگەڕێننەوە کە بردوویانە و دەبێت پاکتاوى بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە