رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆ لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی کرا، بەڵام پەسندکردنی دواخراوە. هێزە شیعەکانیش هۆشداری لە پەسندکردنی پرۆژەیاساکە دەدەن.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 22-06-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی کرا و بڕیار بووە پەسند بکرێت، بەڵام دواتر داواکراوە دەرفەتی زیاتر بدرێت بۆ تاوتوێکردن، هەر بۆیە تەنیا گفتوگۆی لەسەر کراوە و بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو دواخراوە.
یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی عەرەبی سوننەکان، دەرکردنی یاسای لێبووردنی گشتییە، ئەمەش لە بەرنامەی کاری حکومەتەکەی سوودانی جێگەی کراوەتەوە، سوننەکان پێیانوایە خەڵێکی زۆر سوننە بەبێ تاوان دەستگیرکراوە، بەڵام بەشێک لە هێزە شیعەکان دژی دەرکردنی یاساکەن.
رۆژی چوارشەممە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهل حەق لە تویتێکدا هۆشداری لە دەرکردنی یاسای لێبووردنی گشتی دا و گوتی، "ئەوانەی دەستیان بە خوێنی رۆڵەکانیان سوورە، لەوانەش کوشتارگەی سپایکەر، دەیانەوێت ئازادیان بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ