رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى کۆمەڵەى نیشتمانى بۆ بەرهەمهێنەرانى ماسی لە عێراق رایگەیاند؛ بەهۆى بڕیارێکى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاو، نرخى ماسی بەرزبووەتەوە و پێشبینیدەکرێت بگاتە 15 هەزار دینار. دەشڵێت: "ئەگەر دۆخەکە وابڕوات پڕۆژەکانمان دەگوازینەوە هەرێمى کوردستان."
رۆژی 22ى حوزەیرانى 2023، ئەیاد تالیبی، سەرۆکى کۆمەڵەى نیشتمانى بۆ بەرهەمێنەرانی ماسی لە عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەهۆى بڕیارێکى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بۆ رووخاندنى حەوزەکانى بەخێوکردنى ماسی کە لەسەر رووبارەکان دروستکراون، نرخى یەک کیلۆ ماسی بەرزبووەتەوە بۆ 10 هەزار دینار و پێشبینیدەکرێت تاوەکو دوا مۆڵەتى لادانى ئەو حەوزانە، نرخەکەى بگاتە 15 هەراز دینار."
بەگوێرەى بڕیارەکەى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق، دەبێت تاوەکو یەکى تەممووزى 2023 سەرجەم ئەو حەوزانەى ماسی لە شارەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق لابدرێن، کە لەسەر رووبارەکان دروستکراون. وەزارەتەکە پێیوایە ئەو حەوزانە زیان بە سامانی ئاو دەگەیێنن.
ئەیاد تالیبی ئاماژەى بەوەدا، داوایان کردووە ئەو بڕیارە رابگیرێت، ئەگەر دۆخەکەش بەو شێوەیە بێت ناچار دەبن پڕۆژەکانى بەخێوکردنى ماسی بگوازنەوە هەرێمى کوردستان، بەوپێیەى ئاوى رووبارەکانى زۆرە و یاساکانیشیان جیاوازە لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى.
سەرۆکى کۆمەڵەى نیشتمانى بۆ بەرهەمهێنەرانى ماسی لە عێراق گوتى: "نزیکەى دوو ملیۆن کەس لە عێراق بژێویى ژیانیان لەسەر بەخێوکردنى ماسییە، بۆیە ئەو بڕیارە کاریگەرى لەسەریان دەبێت". گوتیشی: "پێشتر ساڵانە نزیکەى یەک ملیۆن تۆن بەرهەمى ماسی هەبوو، ئێستا بەهۆى رێکارەکانى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاو، بۆ 400 هەزار تۆن کەمبووەتەوە."
ئەو رێکارەى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوى هەردوو رووبارى دیجلە و فورات و نەگەیشتنى بڕى پێویستە بە شارەکانى باشوور بەهۆى گلدانەوەى لە حەوزەکانى ماسی.
پێشتر لە یەکى حوزەیرانى 2023 عەلى رازى، گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندبوو: هەڵمەتێکى گەورەیان دەستپێکردووە بۆ لابردنى زێدەرۆیییەکان لە بەغدا و پارێزگاکانى دیکە، بەتایبەت زێدەرۆیی لە پشکى ئاو و دەریاچە زێدەڕۆکانى بەخێوکردنى ماسی.
بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمەڵەى نیشتمانى بۆ بەرهەمهێنەرانى ماسی لەعێراق، تێچووی بەرهەمهێنانى یەک کیلۆ ماسی لە ناوچەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق 4750 دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ